وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان: هەرکەسێک چەکی بێ مۆڵەت هەڵبگرێت 3 ساڵ زیندانی دەکرێت

25-04-2023
شیراز رەئوف
هەڵمەتێکی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
هەڵمەتێکی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رۆژی 21-07-2023، دوا وادەی رادەستکردنی چەکی بێ مۆڵەتە و دوای ئەو رێککەوتە؛ هەرکەسێک چەکی پێ بگیرێت، بەپێی یاسا زیندانی دەکرێت.
 
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، باسی لە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و رێکارەکانی وەزارەتەکەیان کرد و گوتی، مەفرەزەکانی پۆلیس بەردەوام خاڵی پشکنین دادەنێن و دەست بەسەر چەکی بێ مۆڵەتدا دەگرن.
 
"پێناسی حیزبی کاری پێناکرێت"
 
بە گوتەی هێمن میرانی، لە هەرێمی کوردستان حیزبە سیاسییەکان پێناسی هەڵگرتنی چەک بۆ ئەندامەکانیان دروستدەکەن، بەڵام چی دیکە پێناسی حیزبی کاری پێناکرێت و پێویستە مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک لە وەزارەتی ناوخۆ یان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان وەربگیرێت. 
 
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی، مەفرەزەکانی پۆلیس دەستبەسەر ئەو چەکانەدا دەگرن کە هەڵگرانی پێناس و رێگەپێدانی حیزبییان هەیە و رایگەیاند، هیچ ناسنامەیەکی حیزبی رێگەپێدراو نییە بۆ هەڵگرتنی چەک و حکومەت لە قەدەخەکردنی چەکی نایاسایی زۆر جیدییە و چاوپۆشی لە کەس ناکرێت.
 
"21-07-2023، دوا وادەی رادەستکردنی چەکی بێ مۆڵەتە"
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، هێمن میرانی باسی لەوە کرد، 21-07-2023، دوا وادەی رادەستکردنی چەکی بێ مۆڵەتە لە دوای ئەو رێککەوتەوە، هەر کەسێک چەکی پێ بگیرێت ساڵێک بۆ سێ ساڵ زیندانی دەکرێت و لە رووی دارایشەوە سزادەدرێت و وەک تاوانکار مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
ئەو گوتانەی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ 25-04-2023، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نووسراوی ژمارە ک/10338ـی ئاراستەی پارت و هێزە سیاسییە مۆڵەتدراوەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە یاسا و رێنماییەکانی بواری چەکی تێدایە.
 
لە نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا چەند داواکارییەک لەبارەی چەک ئاراستەی حیزبەکان کراوە کە بە کورتی لە چەند خاڵێکدا کورت دەبنەوە:-
 
- حیزب و هێزه سیاسییەکان بەشداری بکەن له هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنی هاووڵاتییان لەبارەی چەک
 
- ئەندامانی حیزبەکان چەک بەپێی یاسا بەکاربهێنن
 
- کەناڵەکانی میدیا بخرێنە خزمەت پڕۆسەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ناتووندوتیژی
 
- حیزبەکان چەک وەک دیاری نەبەخشنە ئەندام و لایەنگرانیان
 
- حیزبەکان کۆگەی هەڵگرتنی چەک بۆ پاسەوانەکانیان دروست نەکەن 
 
لەبارەی ئەو داواکارییانەیانەوە میرانی گوتی: "بەشی زۆری حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان تەمەنیان لە تەمەنی حکومەت زیاترە و دروستکەری کابینەکانی ئەم حکومەتەن؛ هەربۆیە خۆیان بە خاوەنی دامەزراوەکانی حکومەتەکە دەزانن؛ لەلایەکی دیکەشەوە هەڵگرتنی چەک مێژووی هەیە لە کوردستان و عێراق و تەنانەت بەپێی داتاکان، ژمارەی چەک لە عێراق لە ژمارەی دانیشتووان زیاترە"، هەربۆیە ئەو داواکارییانەیان ئاراستەی پارتە سیاسییەکان کردووە تاوەکو هاوکاریی حکومەت بن لە رێکخستن و کۆنترۆڵکردنی چەک.
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ باس لە بڕیارەکانی وەزارەتەکەی دەکات بۆ رێگری لە بڵاوکردنەوەی بابەتی بانگەشەی هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەک و دەڵێت، ئێستا هەر پەیج و کەسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو بابەتانە بڵاوبکاتەوە کە هاندانی تێدابێت بۆ هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەک ئەوا دامودەزگا ئەمنییەکان لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکەن.
 
هێمن میرانی داوا لە هاونیشتمانییانیش دەکات کە هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکان بن بە ئاگادارکردنەوەیان لەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی کە هانی گەنجان و بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەدەن چەک هەڵبگرن و بەکاریبهێنن.
 
ئۆتۆمبێلی "مەلیکە" تۆمارناکرێت 
 
ئەگەرچی لە چەند هەفتەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر ئۆتومبێلی خوارمۆدێل و بێ ژمارە کە بەشێوەی نایاسایی هێنراونەتە هەرێمی کوردستان بۆ پشکنین برانە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەولێر کە لە جۆری تۆیۆتا کراونن و لەناو خەڵکیدا بە "مەلیکە" ناسراون، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە رۆژی 26-04-2023ـەوە رێگە بە هیچ ئۆتۆمبیلێکی خوار مۆدێل نادرێت بۆ پشکنینیش بێتە هەولێر و لە چەند رۆژی رابردووشدا تەنها بۆ پشکنین هێنراون، چونکە ئامێری پشکنینی هاتووچۆی هەولێر زۆر پێشکەوتووە.
 
هێمن میرانی ئاماژەی بەوەکرد کە لە پشکنینەکانیشدا دەرکەوتووە، سەروو 80٪ـی ئەو ئۆتومبیلانە بڕاوەن و هیچ مەرجێکی سەلامەتییان تێدا نییە؛ هەربۆیە بەهیچ جۆرێک تۆمارناکرێن و ژمارەیان پێ نادرێت و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە