رووداو - هەولێر
محەممەد لە 06-12-2022 مامەڵەی نوێکردنەوەی پاسپۆرتەکەی تەواوکردووە، بەڵام تائێستا بۆی نەگەڕاوەتەوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی دەفتەری خامی پاسپۆرت؛ ئەو دەیەوێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گەشت بکات، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاسپۆرت ناتوانێت.
محەممەد سەیفەدین، پەرستار ئاماژە بەوە دەکات، "ماوەیەکی زۆرە مامەڵەکەم تەواو کردووە، ئێستا هاتووم پاسپۆرتەکەم وەربگرمەوە، بەڵام دەفتەری خام نەماوە و تەواو نەبووە، داوا لە حکومەتی عێراقی دەکەین بەپەلە چارەسەری بکات، من گەشتی بەپەلەم هەیە بۆ کاری تەندروستی."
ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت تەنیا مامەڵەکان رایی دەکرێن، بەبێ گەڕاندنەوەی پاسپۆرتەکان، چونکە لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی 2022، بەهۆی نەمان و چاپنەکردنی دەفتەری خام، لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەرهێنانی پاسپۆرت وەستاوە، بەو هۆکارەش تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 15 هەزار کەس گەڕانەوەی پاسپۆرتەکانیان دواکەوتووە.
ئامێرەکانی چاپکردنی پاسپۆرت کوژێندراونەتەوە، تەنیا بۆ ئەو کەسانە کاری پێدەکرێت کە راپۆرتی پزیشکییان پێیە و دەبێت بە خێرایی بۆ چارەسەری پزیشکی گەشت بکەن.
عەقید ئەبوبەکر عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر بە وەکالەت دەڵێت، "ئێستا ئەو هاونیشتمانییانەی مامەڵە دەکەن و پەنجەمۆر دەکەن، بەبێ کێشە مامەڵەکانیان لێوەردەگیرێت و تۆمار دەکرێن، هەر کاتێک دەفتەری خاممان بەدەست گەیشت، بەپەلە بۆیان تەواو دەکەین و پاسپۆرتەکانیان دەگەڕێنینەوە."
بەگوێرەی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی هەرێمی کوردستان، بەهۆی نوێکردنەوەی گرێبەست و درەنگ خەرجکردنی بودجە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، چاپکردنی دەفتەری خامی پاسپۆرت بۆ 2023 دواکەوتووە.
چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا دەفتەری نوێ بگات و دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت ئاسایی ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ