کوردستان
بەڕێوەچوونی جەژنی کریسمس لە کەنیسەی مارت شموونییە لە قەزای عەینکاوە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
هاوشێوەی جیهان، کریستیانەکانی کوردستان و عێراقیش جەژنی کریسمس (قەدداس) پیرۆز دەکەن و یادی لەدایکبوونی پەیامبەر عیسا (د. خ) دەکەنەوە.
لە هەولێریش رێوڕەسمی پیرۆزبایی جەژنی کریستیانەکان لە کەنیسەی مەریەمی پاکیزە لە عەینکاوە بە ئامادەبوونی چەند بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. لە چەند کەنیسەیەکی دیکەش بە هەمانشێوە بەڕێوەچوو و نوێژی گەورە لە کەنیسەی ماریوسف دەکرێت.
مەتران شەمعوون دانیال، لە کەنیسەی مەریەمی پاکیزە لە عەینکاوە بە رووداوی راگەیاند: "پەیاممان ئەوەیە سوود لە نزیکبوونەوەی خەڵک لە یەکدی وەربگرین، بۆ نموونە ئەمڕۆ وەزیری ئەوقاف لەگەڵماندا دەبێت، هەروەها لە برا موسڵمانەکانمانەوە پەیامی پیرۆزباییمان پێدەگات. ئەمە جەژنێک نییە تەنیا پەیوەندیی بە کریستیانەکانەوە هەبێت، بەڵکو پەیوەندیدارە بە هەمووان."
پشتیوان سادق: پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عەینکاوە بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی مەسیحی دەکەین بە بۆنەی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح. حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر ئەم پێکەوەژیانە جوانەی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە ئەمە مێژووێکی دوورودرێژی هەیە."
پشتیوان سادق هەروەها باسی لەوە کرد، کە لە شوێنە کریستیاننشینەکانی هەرێمی کوردستان لە نێو ئاشتی و پێکەوەژیاندان، ئەوەشی بۆ خوێنی شەهیدان و گوتاری میانڕەوانەی مامۆستایانی ئایینی لە مزگەوتەکان گەڕاندەوە.
ئانۆ جەوهەر: کریستیانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئیرەیی بە کریستیانەکانی کوردستان دەبەن
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان (کە کریستیانە) نموونەی کەنیسەی تلسقۆف-ی هێنایەوە کە نۆژەنکراوەتەوە و گوتی: "ئێمە بە سەرۆکی هەنگاریامان گوت، ئەو کەنیسەیەی نۆژەنتانکردووەتەوە، تێیدا عەقیدێکی پێشمەرگە و چەندین پێشمەرگەی دیکە لە هێزی پشتیوانیی یەک و هێزی گوڵان لەوێ شەهید بوون. ئەوان لەپێناو پاراستنی زێدی کوردستان لەوێ بوون و ئەو گوندەش گوندێکی مەسیحییەکانە لە نەینەوا. ئەم پێکەوەژیانەی لە کوردستاندا هەیە ئەو گوتارە میانەڕەوەیە کە ئیسلامی کوردەوارییە. دەتوانم بڵێم کریستیانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئیرەیی بە کریستیانەکانی کوردستان دەبەن لەبەر ئەوەی ئەوان لەگەڵ کوردی موسڵمان دەژین."
لە سلێمانیشدا لە کەنیسەی ماریوسف کە گەورەترین کەنیسەی شارەکەیە، لە ئێوارەی رۆژی شەممەوە دەستکرا بە چالاکی و سرووت خوێندن، بڕیارە رۆژی یەکشەممەش بەردەوام بێت. هەروەها لە کەنیسەکانی دیکەی شارەکەشدا بە هەمانشێوە کریسمس پیرۆز دەکرێت. نزیکەی 2 هەزار و 300 کەس کە دەکاتە نزیکەی 350 ماڵباتی مەسیحی لە سلێمانی دەژین.
یەکێک لە کریستیانە ئامادەبووەکان بە ناوی نەوال، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و هیوای خواست ئەم جەژنە و هاتنی ساڵی نوێ ببێتە هۆکارێک بۆ بڵاوبوونەوەی زیاتری بەختەوەری، ئاسوودەیی، ئاشتەوایی لە سلێمانی و عێراق بە گشتی.
لە کەرکووکی باشووری کوردستانیش، کریستیانەکان ئامادەکارییان بۆ جەژنی کریسمس کردووە. لەو شارەدا نزیکەی 10 کەنیسە هەن کە لە بەشێکیاندا ئامادەکاری بۆ پیرۆزکردنی کریسمس کراوە و کریستیانەکان رێوڕەسمی تایبەت بەڕێوەدەبەن.
قەشە سڵێوە لە کەنیسەی مەریەمی پاکیزەی شاری کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، کەنیسەکەمان ئامادەکاری بۆ بەرز راگرتنی یادی پەیامبەر مەسیح کردووە. هەروەها رێوەڕەسمێک بەڕێوەدەچێت کە کریستیانەکان بەشداریی تێدادەکەن و ئاهەنگ دەگێڕن. بەر لەو ئاهەنگە کریستیانەکان سێ رۆژ لەپێناوی ئاشتیی وڵات بە رۆژوو دەبن."
دۆخی کریستیانەکانی کەرکووک
کریستیانەکانی کەرکووک لە دوای ساڵی 2003 هاوشێوەی کریستیانەکانی عێراق رووبەڕووی دۆخێکی مەترسیدار بوونەوە و ژمارەیەکی زۆریان ناچار بە کۆچ و جێهێشتنی زێدی خۆیان کراون. ئەوان بەشێکیان چوونەتە دەرەوەی وڵات و بەشێکیشیان لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە.
قەشە سڵێوە لەمبارەیەوە گوتی: "بێگومان کریستیانەکان دوای 2003 زەحمەتیی زۆریان بینیوە. خەڵکی زۆرمان لەلایەن داعش و گرووپە ئیسلامییەکان و لایەنگرانیان شەهیدکراون. هەر لەبەر ئەمەشە ژمارەیەکی زۆری کریستیانەکان وڵاتیان جێهێشتووە. لە راستیدا ئێمە دەمانەوێ هیوایەکی بەهێز بە ئەو کریستیانانە بدەین کە لێرە ماونەتەوە. راستە کریستیانەکان رۆڵەی ئەم وڵاتەن، بەڵام ئەمە نابێت هەر بە گوتن بێت، بەڵکو دەبێت بە کردار ببینرێت."
ژمارەی کریستیانەکانی کەرکووک
بەر لە ساڵی 2003 ژمارەی کریستیانەکانی کەرکووک نزیکەی هەزار و 300 ماڵبات بوون، بەڵام بە گوتەی قەشەکانی ئەو شارە، تەنیا نزیکەی 400-500 ماڵە کریستیان لە کەرکووک ماون.
قەشە سڵێوە دەڵێت، "بەشێکی زۆر لەوانە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و ئەوان لەوێ هەست بە ئارامی و ئاسایشی زیاتر دەکەن، بەشێکیشیان چوونەتە دەرەوەی وڵات، وەنەبێ ئێستا لەوێ ئاسوودە بن، بەڵام ئەوان دەڵێن ناچارن لەوێ درێژە بە ژیانیان بدەن."
لە شارۆچکەی حەمدانییە (قەرەقووش)ی سەر بە پارێزگای نەینەوا، ئامادەکاری بۆ پیرۆزکردنی کریسمس و یادی پەیامبەر عیسا کراوە. لە کەنیسەی تاهیری مەزن مەراسیمێک بەڕێوەدەچێت و رۆژی یەکشەممەش بەردەوام دەبێت و چالاکیی جۆراوجۆر دەکرێن و سرووت دەخوێنرێنەوە. ئەو کەنیسەیە ساڵی 2014 لەلایەن رێکخراوی داعشەوە هێرشیکرایە سەر و بە تەواوی خاپوورکرا. بەڵام سەرەتاکانی 2020 دەست بە نۆژەنکردنەوەی کرا و ئێستاش رێوەڕەسمی ئایینیی تێدا بەڕێوەدەچێت.
باسم حەبیب، سەرپەرشتیاری کەنیسەی تاهیری مەزن لە قەرەقووش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پەیامی ئێمە، پەیامی ئاشتییە بۆ تەواوی کاربەدەستانی حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئێمە داوای خۆشویستن، یەکگرتن و لێبوردەیی دەکەین. هەروەها هیوادارین موسڵمانان و کریستیانەکان وەکو برا لەگەڵ یەکدی بژین."
بەڕێوەچوونی جەژنی کریسمس لە کەنیسەی تاهیرەی گەورە لە قەرەقووش و کردنەوەی ئاگرێکی گەورە
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 24, 2022
کەنیسەکە لە 2014 لەلایەن داعشەوە خاپوورکرا و ئێستا نۆژەنکراوەتەوە pic.twitter.com/3kMOXDZSJ9
لە کەنیسەی مەریەمی پاکیزە لە گوندی هەرمۆتەی قەزای کۆیە، پیرۆزباییەکان لە ئێوارەی شەممەوە دەستیانپێکرد و بڕیارە رۆژی یەکشەممە ژمارەیەک چالاکی بەڕێوەبچن. دەستکرا بە خوێندنەوەی سرووتە ئاینییەکان و ژمارەیەک لە کریستیانەکانی کۆیە لەوێ ئامادەبوون.
کاریگەریی بۆردومانەکانی ئێران لەسەر گوندی هەرمۆتە
قەشە زەییا شاها، لە کەنیسەی مەریەمی پاکیزە لە کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، ئامادەکارییەکانمان کرد و بە هاوکاری هەموو لایەک رێوڕەسمێکی شایستە بەڕێوەدەبەین. ئەمساڵ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ ساڵانی پێشوو، گوندی هەرمۆتە نزیکەی دوو مانگ لەبەر دۆخی ئەمنی چۆڵکرابوو. خەڵک ترسی لە دڵدا هەبوو، بەڵام ئێمە هانماندان لەوەی نەترسن و هەست بە ئاسایش بکەن. خۆشبەختانە ئێستا خەڵکەکە گەڕاونەتەوە و متمانەیەک بۆ ناوچەکە گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی بتوانین جەژنە پیرۆزە لەگەڵ یەکدی بکەین."
یەکشەممە لە کۆیە و هەرمۆتە پێشوازی لە خەڵک دەکرێت
رۆژی یەکشەممە 25-12-2022 کە یەکەمین رۆژی جەژنی کریستیانەکانە، لەنێو کۆیە و لە گوندی هەرمۆتەدا کاژێر 9:30 تاوەکو 11:30ی بەیانی پێشوازی لە خەڵک دەکرێت.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری کریستیانەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، 143 کەنیسە لە هەرێمی کوردستان هەن کە زۆربەیاندا نوێژ دەکرێت. لە کەنیسەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کریستیانەکان کریسمس پیرۆز دەکەن. لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانیی هەرێمی کوردستاندا مەراسیمی جۆراوجۆری تایبەت بە جەژنی کریسمس بەڕێوەدەچن.
ژمارەی کریستیانەکان لە رۆژئاوای کوردستان، پێش ساڵی 2011 ژمارەی کریستیانەکان 250 هەزار کەس بوو. بەڵام لە ماوەی رابردوودا ئەو ژمارەیە کەمبووەتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە ئەمساڵ هاوشێوەی ساڵانی پێشتر رێوڕەسمی گەورە لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەناچن. بەڵکو رێورەسمەکان بچووکتر لە جاران دەبن.
قۆریاقۆس ئەرگۆن، سەرۆکی وەقفی سریانەکانی مێردین لە شارۆچکەی میدیاتەوە بووە میوانی بوولتەنێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو و گوتی، کەنیسەکەیان ئامادەکاریی تەواوی کردووە بۆ پێشوازیکردن لە جەژنی کریسمس و گوتیشی: "رێوڕەسمی ئەمشەو نزیکەی کاژێرێک بۆ کاژێرێک و نیوێک دەخایێنێت، بەڵام رێوڕەسمی سبەی (یەکشەممە) کە ئایینی پیرۆزە، سێ بۆ سێ کاژێر و نیو دەخایێنێت. دواتریش خەڵک سەردانی ماڵی یەکدی دەکەن و پیرۆزبایی لە یەکدی دەکەن."
سەبارەت بە کریستیانەکانی مێردین، ئەرگۆن گوتی: "لە مێردین ژمارەیەکی کەم پرۆتستانت و کاسۆلیک هەن، بەڵام زۆرینەیان ئۆرتۆدۆکسن. بۆ نموونە بەشێک لە کریستیانەکان ئەمڕۆ جەژن دەکەن، بەڵام ئێمە وەکو کریستیانەکانی مێردین، دیاربەکر، باتمان و شرناخ سبەی جەژن دەکەین."
ژمارەی کریستیانەکانی مێردین
سەرۆکی وەقفی سریانەکانی مێردین لەبارەی ژمارەی کریستیانەکانی مێردین گوتی: "خۆتان دەزانن کاتێک دەڵێین کریستیان دەکرێ کریستیانی کورد و تورک و سووریانی هەبن، بەڵام ژمارەی ئەو سووریانییانەی لە مێردین نیشتەجێن 3 بۆ 4 هەزار دەبن. ئەوانەی لە فەرمانگەی ناسنامەدا تۆمارکراون نزیکەی 30 بۆ 50 هەزار دەبن. لەبارەی کریستیانی کورد لە ناوچەکە گوتی: "کریستیانی کورد لە ناوچەکەدا هەن، بەتایبەتی لە مێردین و دیاربەکر. ژمارەیان بە سەدان دەبێت."
کۆچی کرستیانەکان
قۆریاقۆس ئەرگۆن، باسی کۆچی کریستیانەکانی لە نێوان باکووری کوردستان و ئەوروپا کرد و جەختی لەسەر گۆڕانکاریی ژمارەی سوورییانییەکان کرد و گوتی: "لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر کۆچیان کردووە و ئێستا لە ئەڵمانیا نزیکەی 100 هەزار سووریانیمان هەن. هەروەها لە سوێدیشدا نزیکەی 100 هەزارمان هەن. بەهەمانشێوە لە ئوسترالیا، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش هەن. واتا دەتوانم بڵێم، نزیکەی نیو ملیۆن لە خەڵکی ئێمە لێرەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەوروپا، ئەمریکا و ئوسترالیا."
لەبارەی هۆکاری کۆچی کرستیانەکانی باکووری کوردستان، ئەرگۆن ئاماژەی بە بوونی هۆکاری زۆر کرد و هاوکات نەیویست لە ئێوارەی جەژندا باس لەو هۆکارانە بکات.
لەسەر بابەتی پێکەوەژیانی کرستیانەکان و خەڵکی باکووری کوردستان، قۆریاقۆس رایگەیاند، پێکەوەژیان هەیە و هیچ کێشەیەک لە نێوان خەڵکی ناوچەکە نییە و هیوای خواست ئەم جەژنە ببێتە هۆی ئاشتی و برایەتیی زیاتر.
لە کەنیسەی سەید نەجات لە بەغدای پایتەختی عێراق ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی یادی جەژنی سەری ساڵ لەلایەن کریستیانەکان بکرێتەوە. پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەنیسەی سەیدە نەجات لە ناوچەی کەڕادە رایگەیاند، سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کەنیسەکە ئامادەدەبن و بەشداری لە رێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی پەیامبەر عیسا دەکەن. هەروەها بڕیارە دوای ئەو رێوڕەسمە بە هەمانشێوە لە کەنیسە ماریوسف مەراسیمێک بەڕێوەبچێت.
کەنیسەی سەیدە نەجات، ئەو کەنیسەیە پێگە و بەهایەکی تایبەتی لای کریستیانەکان هەیە. ساڵی 2010 رێکخراوی ئەلقاعیدە هێرشێکیکردە سەر ئەو کەنیسەیە و کوژرانی 53 کریستیانی لێکەوتەوە و زیاتر لە 100 کەسیشیان بریندار بوون. لەوکاتەوە زۆربەی یاد و رێوڕەسمە تایبەتەکانی کریستیانەکان لەو کەنیسەیەدا بەڕێوەدەچن. کریستیانەکان هاوسۆزییەکی زیاتریان بۆ ئەو کەنیسەیە هەیە و بەرپرسانی باڵای عێراقیش ساڵانە لەو یادانەدا سەردانی کەنیسەی سەیدە نەجات دەکەن و پیرۆزبایی لە کریستیانەکان دەکەن.
دۆخی کریستیانەکانی بەغدا دوای 2003
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، کریستیانەکانی بەغدا دوای 2003 رووبەڕووی دۆخێکی خراپ بوونەتەوە، بەدەر لەو کوشتوبڕینەی بەسەریان هات دەست بە سەر ماڵ و موڵکی ژمارەیەکیاندا گیراوە. کەچی تائێستا حکومەتی عێراقی هیچ یەک لەو ماڵ و موڵکەی بۆ نەگەڕاندوونەتەوە. ئەوە نەبێت لەسەر داوای موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بە مەبەستی گەڕاندنەوەی موڵک و سامانی کریستیانەکان، لیژنەیەک پێکهێنراوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لیژنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی داوە، تائێستا ئەو لیژنەیە زیاتر لە 200 موڵکی کریستیانەکانی بۆ خاوەنەکانیان گەڕاندووەتەوە. زیاتر ئەو موڵکانە لەلایەن گرووپە چەکدارە دەستڕۆیشتووەکانی ناوچەکەوە داگیرکراون.
ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق
بەر لە ساڵی 2003 زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار کریستیان لە عێراق دەژیان. تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و 300 هەزار لەو کریستیانانە کۆچیان کردووە و نزیکەی 500 هەزاریان ماوەتەوە. لە بەغدا و بەسرە و چەند شارێکی دیکەدا پێشتر ژمارەی کریستیانەکان زۆر بوون، بەڵام ئێستا ژمارەکە بە جۆرێک کەمبووەتەوە کە بە ئاسانی هەستی پێدەکرێت. بەغدا کە زۆرترین کۆچی کریستیانەکانی لێکراوە. چونکە کریستیانەکانی بەغدا زۆرترین هەڕەشەیان لەسەر بووە و لە دوای 2003 ژیانێکی دوور لە ئاسایشیان تێپەڕاندووە. سەرەڕای ئەوەی ژمارەیان بەم شێوەیە کەمبووەتەوە بەڵام هێشتا پابەندن بە ئایینەکەیان لە کەنیسەکانیاندا پەرستش درێژەی هەیە.
کۆچی کریستیانەکانی عێراق
کریستیانەکانی عێراق چەند جارێک بە لێشاو کۆچیان بۆ دەرەوە کردووە. بەتایبەتی ساڵانی 2006-2008 کریستیانەکان بوونە ئامانجی گرووپە تووندئاژۆکان و هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکرا. چەند گرووپێکی شیعی و سوننی دروستببوون و کریستیانەکانیان دەکوشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ