بافڵ تاڵەبانی و سەرۆکی بەشێک لە حیزبەکان: ھەنگاوی کرداریی خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت

24-11-2022
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نیوەڕۆ ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆکی بەشێک لە حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، "تووندوتۆڵکردنی پەیوەندیی نێوان ھێز و لایەنەکان" بە پێویست زانرا و هەروەها جەختیش لە "ھەنگاوی کرداریی خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان" کرایەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24-11-2022، لەسەر بانگهێشتی خۆی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی بەشێک لە حیزبە سیاسییەکان لە دووکان کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێک بڵاوکرایەوە و تێیدا جەخت لە "بەردەوامیی دیالۆگی لایەنە سیاسییەکان بە ئامانجی گەیشتن بە پڕۆژەیەکی ھاوبەشی کوردستانی یەکڕیزیی نیشتمانی" کرایەوە.
 
راگەیێندراوەکە، کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆکی بەشێک لە حیزبەکان بە "کۆبوونەوەی لووتکەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان" ناوبردووە و دەڵێت، "لە چوارچێوەی دیالۆگی نیشتمانی بە ئامانجی یەکڕیزی و چارەسەری کێشەکان لە عێراق و ھەرێم [هەرێمی کوردستان] بەڕێوەچوو."
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەکە "جەختی لە تووندوتۆڵکردنی پەیوەندیی نێوان ھێز و لایەنە کوردییەکان کردەوە و بەپێویست زانرا ھەنگاوی کرداریی خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت." هەروەها بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆکی بەشێک لە حیزبەکان کە بەشداری کۆبوونەوەکە بوون، "ھاوڕابوون لەسەر زەمینەخۆشکردن بۆ فراوانکردن و بەردەوامی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و یەکخستنی ھێز و تواناکان دوور لە تێڕوانینی حزبی بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رووبەڕووی واقیعی ھەرێم و عێراق بووەتەوە، ئەم ئامانجەش لەپێناو زاڵبوون بەسەر تەحەددییەکاندا."

 

 
لایەنەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هاوینەهەواری دووکان بەڕێوەچوو، "جەختیانکردەوە لە بەردەوامیی دیالۆگی لایەنە سیاسییەکان بە ئامانجی گەیشتن بە پڕۆژەیەکی ھاوبەشی کوردستانی یەکڕیزیی نیشتمانی."
 
لەبارەی دۆخی ژیانی خەڵک و "خراپیی گوزەرانیان" بافڵ تاڵەبانی و سەرۆکی حیزبە بەشدارەکانی نێو کۆبوونەوەکە رایانگەیاند، "ژیان و دۆخی خەڵک گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ھەموو لایەنە سیاسییەکان ھەنگاوبنێن و ھاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و باشترکردنی ژیانی ھاوڵاتییان و ھەرێمی کوردستان لە رووی ئابووری، سیاسی و ئەمنییەوە."
 
هەروەها لەسەر ئەوەش هاوڕابوون کە دەبێ "کار بکرێت بۆ دروستکردنی ئەنجوومەنێکی باڵا لە ھەرێم بە بەشداریی ھەموو لایەنەکان بۆ بڕیاردان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی کێشەکان و ئەو پرسانەی رەھەندی نەتەوەیی و نیشتمانییان ھەیە. ئەم ھەنگاوەش بە فاکتەری پاراستنی یەکڕیزی، پارێزگاریکردن لە ئەزموونی ھەرێم، بەدیھێنانی خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵک، بەھێزکردن و پارێزگاریکردن لە قەوارەی ھەرێم لە قەڵەمدرا."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکە هاتووە کە "‏‎کۆبوونەوەكە پێداگری لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ئاسایش، سەروەری یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتداری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، رووبەڕووبوونەوەی بەھەدەردانی سامانی گشتی و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی راستەقینە کردەوە." هەروەها لەو چوارچێوەیەشدا بڕیار درا کە ئەو کۆبوونەوانە "لەپێناو تەبایی، یەکھەڵوێستی و یەکڕیزیی کوردستانی بەردەوامی ھەبێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی

مەسرور بارزانی: پارتی کارێکی کردووە پێگەی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پێگەی وڵاتێکی سەربەخۆ بێت

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ قوتابیان و لاوان لە شاری دهۆک رایگەیاند، ئەوە پارتییە وایکردووە هەرێمی کورستان پێگەیەکی بەهێز و گرنگی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی دژایەتیی هیچ لایەنێکی نەکردووە و تەنیا ئامانجی ئەوەیە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی وڵاتانی دیکە بگات بە ئامانجی خۆی.