ئیبراهیم خەلیل باران: پڕۆسەی ئاشتی ئەمجارە لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و ئۆجەلانە نەک پەکەکە

58 خولەک له‌مه‌وپێش
شیراز رەئوف
رووداوی ئەمڕۆ.
رووداوی ئەمڕۆ.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سیاسەتڤانێکی باکووری کوردستان دەڵێت: ئەم پڕۆسەیەی ئێستا بۆ ئاشتی لە تورکیا دەستیپێکردووە پڕۆسەیەکی نوێیە و درێژکراوەی پڕۆسەی چارەسەریی ساڵی 2015 نییە، ئەمجارە پرۆسەکە لەنێوان تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلانە نەک تورکیا و پەکەکە، ئامانجی ئەنقەرە ئەمجارە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەیە.
 
ئیبراهیم خەلیل باران، سەرۆکی پێشووی کوردپا لە باکووری کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: دۆخی ئێستای تورکیا پێشهاتێکی نوێیە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی روونی بە دەوڵەتی تورکیا گەیاند کە دەتوانێت کاریگەریی هەبێت.
 
گوتیشی: ئۆجەلان دەخوازێت کێشەی کورد لە شەڕەوە بگۆڕێت بۆ سیاسی و یاسایی لە تورکیا، تورکیاش دەخوازێت بەم پرۆسەیە پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
 
" لەبارەی 61 خاڵ لەگەڵ ئۆجەلان گفتوگۆ کراوە و زۆرینەی خاڵەکانیش پەیوەستە بە چەکدانانی پەکەکە، ئەم پرۆسەیە ئێستا لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلانە نەک تورکیا و پەکەکە" ئیبراهیم خەلیل باران وای گوت.
 
گوتیشی: بەشێک لە ئامانجی تورکیا لەم پرۆسەیە پەیوەستە بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان.
 
ئەو گوتانەی ئیبراهیم خەلیل باران هاوکات بوو لەگەڵ راگەیێندراوێکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) کە باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە و تێیدا پابەندبوونی خۆی بەو پڕۆسەیە نیشاندەدات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی بزووتنەوەکە پێشکێشیکردووە. 
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکە کەجەکە دەڵێت: "نوێنەری چارەسەری دیموکراسییانەی دۆزی کورد، عەبدوڵڵا ئۆجەلانە و ئاشتیی لە تورکیاش بە گەڕانەوە بۆ ئۆجەلان بەرقەرار دەبێت."
 
لەبارەی نێوەڕۆکی پەیامەکەی کەجەکە، ئیبراهیم خەلیل باران گوتی: کەجەکە ناخوازێت مەرجەکانی تورکیا قبووڵ بکات، بەڵکو دەخوازێت بەشێوەیەکی راستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام بدات.
 
گوتیشی: خواستی کەجەکە ئازادکردنی ئۆجەلان و وەرگرتنی گەرەنتییە و پەکەکەش لە نێوخۆی خۆیدا رای جیاوازی هەیە، هەربۆیە ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرۆسەیە نەکەن پێدەچێت پەکەکە ببێت بە دوو بەشەوە.
 
رۆژی چوارشەممە عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئامەد کە برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلانیشە، چوو بۆ سەردانی ئوجەلان لە ئیمرالی و دواتریش رایگەیاند، ئوجەلان پێی گوتم ئەم پەیامەی بگەیێنم، "ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و کردەیی ئەوەم هەیە، ئەم دۆخە لە زەمینەی پێکدادان و تووندوتیژییەوە پەلکێش بکەم بۆ یاسایی و سیاسی".
 
 
ئەو سەردانەی ئۆجەلان دوای یەک رۆژ هات کە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی سێشەممە (22ـی تشرینی یەکەم) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت و بێت لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان قسە بکات و بڵێت "تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و هاواربکات و بڵێت رێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو کارمەندی کۆمیسیۆن لە بنکەیەکی دەنگدان لە هەولێر. وێنە: ىڵند تاهیر - رووداو

کۆمیسیۆن: پێنج مانگی دیکە پاداشتی دارایی کارمەندانی سەر سندووقەکان دابەش دەکەین

سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت: نزیکەی پێنج مانگی دیکەمان پێویستە تاوەکو بتوانین پاداشتی دارایی بۆ کارمەندانی سەر سندووقەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دابین بکەین.