عەبدولڕەحیم تەمەل: لەسەر پرۆسەی ئاشتی کێشە لە نێوان ئۆجەلان و قەندیل دا هەیە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
گفتوگۆی هێڤیدار زانا و عەبدولڕەحیم تەمەل.
گفتوگۆی هێڤیدار زانا و عەبدولڕەحیم تەمەل.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
عەبدولڕەحیم تەمەل (سەماوی)، ئەندامی ئەنجوومەنی دانایان و بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی و راوێژکاری لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: لەبارەی پرسی چارەسەری ئاشتی، ناکۆکی لەنێوان قەندیل و ئیمرالی دا هەیە.
 
عەبدولڕەحیم تەمەل میوانی بووڵتەنی باکووری کوردستانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هێڤیدار زانا پێشکێشی دەکرد. تەمەل ئاشکرای کرد کە "لەبارەی پرسی ئاشتی، ناکۆکیی لەنێوان قەندیل و ئیمرالی دا هەیە، ناکۆکییەکە تەنیا لەنێوان ئۆجەلان و قەندیل دا نییە، ناکۆکیی لەنێوان ئۆجەلان و رۆژئاڤاشدا هەیە، دەتوانم بڵێم، ناکۆکیی لەنێوان ئۆجەلان و ئەورووپاشدا هەیە."

 

عەبدولڕەحیم تەمەل دەڵێ: "لە پرسی ئاشتیدا تەنیا کێشەی پەکەکە چارەسەر نابێ، بەڵکو لەبری پەکەکە کورد دەبێتە بژنەو (موخاتەب)ی چارەسەر."
 
دەقی گفتوگۆکەی هێڤیدار زانا و عەبدولڕەحیم تەمەل (سەماوی)
 
رووداو: ئایا ئەو باوەڕە لای دەوڵەت دروستبووە کە بیەوێ کێشەی کورد چارەسەر بکات یان دەیەوێ تاوەکو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئارام دەبێتەوە، کورد کۆنترۆڵ بکات؟
 
عەبدولڕەحیم تەمەل: نەخێر دەوڵەت دەیەوێت ئەم چارەسەرە بکات. ئەمە وەک پرۆژەیەک بنیات نراوە، بۆ حیساباتی ئەمڕۆ ئامادە نەکراوە. 
 
رووداو: پڕۆسەکە لە مانگی 5ی ساڵی 2023 دەستیپێکرد، کێ دەستیپێکردووە و چۆن؟
 
عەبدولڕەحیم تەمەل: ئامادەکراوە. پڕۆژە و پرۆسەکە نووسرایەوە. واتە کاک باخچەلی ئەم قسانەی لەخۆیەوە نەکردووە. ئەمانە قسەی  ئەمڕۆ نییە. ساڵێکە ئامادەکاری بۆ دەکرێت. ئامادەکارییەکان بۆ ئەم پرۆسەیە پێش 7ی تشرینی یەکەمی 2023 کرا. پڕۆژەکە هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێشچوو. دوو مانگ لەمەوبەر لە هەندێک چاوپێکەوتنی تەلەڤیزیۆنی ئەورووپیدا باسم لەم پڕۆژەیە و پرۆسەکە کرد. دوو مانگ پێش ئێستا بە روونی باسم لەوە کرد کە هەم بەڕێز باخچەلی و هەم بەڕێز ئەردۆغان ئەم پڕۆسەیە بهێننە ئاراوە.
 
رووداو: بەڕێز سەماوی، ئێوە گوتووتانە ئۆجەلان دوو نامەی نووسیوە و هەردوو نامەکە گەیێندراونەتە قەندیل. ئەو نامانە چین؟ ئایا خۆت نامەکەت بینیوە؟
 
عەبدولڕەحیم تەمەل: بەڵێ نامە گەیشتووە و کۆبوونەوەش کراوە. پەیوەندی تەلەفۆنی کۆبوونەوە کراوە و نامە گەیشتووەتە پەکەکە و رۆژاڤا و گەیشتووەتە زۆر شوێن. لەنێو نامەکاندا بیری ئۆجەلان هەن، ئۆجەلان خۆی ئەو نامانەی نووسیوە.
 
رووداو: ئۆجەلان لەو نامانەدا داوای چی لە رۆژئاوای کوردستان و قەندیل کردووە و چی پێ گوتوون؟ 
 
عەبدولڕەحیم تەمەل: ئێستا ناتوانم ناوەڕۆکی پەیامەکان بڵێم. راوێژی خۆیان دەکەن و قسەکانیان لە بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا یەکدەخەن و هەنگاو بۆ پرۆسەکە دەنێن و دیالۆگیان هەیە. پێموایە لە رۆژانی داهاتوودا شاندێک لە نێوان قەندیل و رۆژاڤا دا دێت و دەڕوات.
 
دەمەوێت چەند قسەیەک لەسەر ئەم پڕۆژەیە بکەم، ئەم پڕۆژەیە کە ماوەی ١٥-١٦ مانگە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە ئامادەکراوە، تەنیا بۆ چارەسەری کێشەی کورد نییە لە تورکیا. بەپێی پرۆژەکە هاوپەیمانییەکی گەورە لەگەڵ کوردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەمەزرێت، هاوپەیمانییەک لەگەڵ کوردانی رۆژهەڵات، رۆژئاوا و باشوور و باکوور دادەمەزرێت.  ئەمەش ئامادەکاری ئەم پڕۆژەیە. دەمەوێت ئەمە بڵێم.
 
رووداو: کورد چی لەم پرۆسەیە دەستدەکەوێت؟ دەڵێن با پەکەکە چەک دابنێت. بۆ نموونە بوونی کورد لە دەستووردا رەنگ دەداتەوە؟ ئایا خوێندن بە زمانی کوردی دەستپێدەکات؟ ئایا هەموو ئەمانە دەخرێنە ناو ئەم پڕۆژەیەوە؟
 
عەبدولڕەحیم تەمەل: ئەم پڕۆژەیە هەموو ئەمانەی تێدایە. کورد وەک نەتەوەیەکی برا و یەکسان دەخرێتە ناو دەستوورەوە. هەنگاو بە هەنگاو زمانی کوردی لە خوێندنگە و قوتابخانەکاندا جێبەجێ دەکرێت و چارەسەر دەکرێت.  
 
رووداو: هاتووچۆی ئیمرالی کەی دەستیپێکرد؟ لە کەیەوە نێردراوەکانی دەوڵەت دەچنە ئیمرالی؟
 
عەبدولڕەحیم تەمەل: نەک تەنیا ئەم ماوە، بەڵکو بەردەوام دێن و دەڕۆن. لە مانگی حوزەیرانی پار دا هاموشۆ دەستیپێکرد. لە مانگی تەممووزدا هاموشۆ هەبوو. لەم دواییانەدا سێ رۆژ هاتووچۆ هەبووە. دەزانی دوێنێ کوڕەزاکەی و خێزانەکەی چوون بۆ لای؟ پرۆژەی تورکیا یەکێتیی کوردانی هەر چوار پارچەیە.
 
رووداو: کێ لەو شاندانەدا هەیە؟ ئایا کەسانی وەک تۆ لەو ئەرکانەدا بەشدارن؟
 
عەبدولڕەحیم تەمەل: ناتوانم ئەو ناوانە ئاشکرا بکەم. دوای ماوەیەک دەوڵەت ئاشکرای دەکات کە فڵان کەس رۆشتووە و ئەم سەردانەی کردووە. ببوورن ناتوانم بڵێم کێ چووەتە نێو شاندەکەوە.  دەتوانم پێتان بڵێم زۆر کەس کە سەرنجیان لەسەر چارەسەری ئەم کێشەیە دێن و دەڕۆن.
 
رووداو: وەک دەگوترێت ناکۆکی لە نێوان قەندیل و عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەیە؟ 
 
عەبدولڕەحیم تەمەل: بەڵێ ناکۆکی هەیە. هەنگاوی باش دەنرێن. ناکۆکیی تەنیا لە نێوان ئۆجەلان و قەندیلە نییە، ناکۆکی لە نێوان ئۆجەلان و رۆژاڤاشدا هەیە، دەتوانم بڵێم ناکۆکی لە نێوان ئۆجەلان و ئەورووپاش هەیە. لە پرۆسەی ئاشتیدا تەنیا کێشەی پەکەکە چارەسەر نابێ، بەڵکو لەبری پەکەکە کورد دەبێتە بژنەو (موخاتەب)ی چارەسەر.
 
رووداو:  لە ھەرێمی کوردستان، رۆژاڤای کوردستان، رۆژھەڵاتی کوردستان موخاتەبەی کێ دەکرێت؟
 
عەبدولڕەحیم تەمەل: هەموویان موخاتەبە دەکرێن. هەموو کوردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبنە ئامانجی ئەم چارەسەرە. 
 
رووداو: دەستەی دانایان وەک جاران پێکدێت؟
 
عەبدولڕەحیم تەمەل: بەڵێ! دەڵێم ئەنجوومەنی دانایان دادەمەزرێت، کە لە ٣٠٠ کەس پێکدێت. بە خۆشحاڵیەوە دەتوانم ئەوە بڵێم.
 
رووداو: ئایا کوردانی پارچەکانی دیکەش لەو ئەنجوومەنەدا بەشداری دەکەن؟
 
عەبدولڕەحیم تەمەل: رەوەندی کوردی، کوردی باکوور، باشوور، رۆژاڤا و رۆژهەڵات هەموویان لەم ئەنجوومەنەدا دەبن و چارەسەریش لەم ئەنجوومەنەدا جێگیر دەبێت. ئەوە خۆشحاڵی ئێمەیە. لە راستیدا ئەمە دڵخۆشمان دەکات.
 
رووداو: ئایا هێرشەکەی دوێنێی ئەنقەرە رێگری لەم پرۆسەیە دەکات؟
 
عەبدولڕەحیم تەمەل: نەخێر! کەسانێک هەن لە هەردوولا، چ لەناو کورد و چ لەناو دەوڵەت دا، کە ئەم چارەسەرەیان ناوێت. بێگومان هەمیشە کەسانێک هەن کە چارەسەریان ناوێت. یەک رێبەر ئەم کارە ناکات؛ لەو رووەوە هیچ ترسێکم نییە.
 
رووداو: دوای ئەو هێرشە، تورکیا دەستبەجێ هێرشیکردە سەر رۆژئاوای کوردستان. بەهۆی ئەو هێرشانەوە 12 کەس کوژراون کە زۆربەیان خەڵکی سڤیلن. ئەمەش وا دەکات کە رق و کینە زیاتر بێت. ئەمە کاریگەری لەسەر پرۆسەکە نابێت؟
 
عەبدولڕەحیم تەمەل: هەنگاوەکان دەنرێن و باوەڕم وایە چیدیکە رق و کینە نامێنێت. لەو رووەوە هیچ ترسێکم نییە. هەنگاوی باش لەلایەن دەوڵەتەوە دەنرێت. لە لای ئۆجەلانیشەوە هەنگاو دەنێرێت. کوردەکانمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەنگاو بۆ بنیاتنانی ئەم پڕۆژەیە دەنێن، تا بڵێی ئومێدم هەیە.
 
رووداو: بۆ نموونە باخچەلی دەڵێت: ئەوانەی لە قەندیلن خۆیان رادەست بکەن. ئەمە رەوایە، ئەوانە چۆن تەسلیم بن؟
 
عەبدولڕەحیم تەمەل: ئەمانە قسەی سیاسین و هەنگاوی لەو شێوەیە ناگیرێتەبەر. 10 ساڵ لەمەوبەر باخچەلی قسەی زۆر تووندی لەگەڵ ئەردۆغان کرد. باخچەلی قسەی ناخۆشیشی بە ئەردۆغان گوت. بەڕای من ئەم قسانە کێشەی گەورە نین لە بەردەممان. رۆژێک ئۆجەلان دەچێتە پەرلەمانی تورکیا و قسە دەکات و پەیامی خۆی دەدات. نەک تەنیا ئۆجالان، بەڵکو دۆخی قەندیلیش چارەسەر دەبێت.
 
رووداو: چارەسەری قەندیل چییە؟ ئایا روونە کە ئاگاداری بەرنامە و پڕۆژەکەن؟ ئەو گەریلایانەی لە قەندیلەوە دێنە خوارەوە چۆن چەکەکانیان دادەنێن و چۆن دێنە خوارەوە؟ 
 
عەبدولڕەحیم تەمەل: پرۆژەکە لە ماوەی 5 ساڵدا تەواو دەکرێت. پڕۆژەکە هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش دەچێت. تاوەکو گەلی تورکیا و کورد بۆ ئەو پڕۆژەیە ئامادە نەبن، پڕۆژەکە هەنگاو بە هەنگاو بنیات دەنرێت. راستە کورد ئاشتی دەوێت. پرسیار لە مێشکی خەڵکدا زۆرن. هەروەها تورکەکان کێشەی زۆریان هەیە. تا ئەو کێشانە چارەسەر نەکرێن ناتوانی قەندیل بێنیتە ئەنقەرە، یان کەسێک بگوازیتەوە بۆ شوێنێکی دیکە. ئەمە کاتی دەوێت. لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا بەرنامەیەکی 5 ساڵە دانراوە، لە ماوەی 5 ساڵدا نەک هەر ئەوانەی لە قەندیلن، بەڵکو ئەوانەی لە دەرەوە دەژین دەگەڕێنەوە و رێگەی گەڕانەوە بۆ ئەوانیش دەکرێتەوە.
 
رووداو: دۆخی رۆژئاوای کوردستان چۆن دەبێت؟ بەهێزتر دەبێت، وەک خۆی دەمێنێتەوە یان تەشەنە دەکات. بە پێی ئەو پرۆژەیە دەرئەنجامی رۆژئاوای کوردستان چی دەبێت؟
 
عەبدولڕەحیم تەمەل: لە پرۆژەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا جوگرافیای کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دەخرێتە ناو دەستوورەوە و دانیان پێدا دەنرێت. پڕۆژەیەک دروست دەکرێت کە دەنگی جیهان بگۆڕێت. حکومەت و دەوڵەتی تورکیا ئەمەیان لەبەرچاو گرتووە. هەرچی بێتە پێش ناگەڕێتەوە. من ئەمە دەزانم کە تورک لەم پڕۆژەیە پاشەکشە ناکات. پێگەی رۆژاڤا لەگەڵ تورکیا دادەمەزرێت. ئۆجەلان ئەو رێگەیان بۆ دەکاتەوە. نازانم باسم کردووە یان نا، دۆخی رۆژاڤا خراپ نییە. پێگەی لەگەڵ تورکیا دادەمەزرێت و دانوستاندنی دەستووری و یاسایی بەو پێیە بەڕێوە دەچێت.
 
رووداو: رۆژئاوا بە فەرمی سەر بە سووریایە، رژێمی سووریا چۆن ئەم دۆخە قبووڵ دەکات؟
 
عەبدولڕەحیم تەمەل: لە ماوەی 5 ساڵدا دەوڵەتێک بە ناوی سووریا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا نامێنێت، لە دیمەشق و لازقیە دەوڵەتێکی بچووک دەبێت بە ناوی سووریا. دەتوانین بڵێین دەوڵەتی سووریا نییە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو دەنگدەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کۆمیسیۆن: تاوەکو سەرجەم سکاڵاکان یەکلایی نەکرێنەوە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن راناگەیێندرێت

21ی مانگ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان راگەیێندرا. گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: تاوەکو هەموو سکاڵاکان یەکلاینەکرێنەوە ئەنجامی کۆتایی راناگەیێندرێت.