بەرپرسیار؛ وردەکاریی گیانلەدەستدانی گەنجێک لە هۆڵی نەشتەرگەری

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
هەڤاڵ عوسمان، تەمەنی 21 ساڵ بوو، وەرزشڤان بوو، یاریزانی لەشجوانی بوو.
هەڤاڵ عوسمان، تەمەنی 21 ساڵ بوو، وەرزشڤان بوو، یاریزانی لەشجوانی بوو.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گەنجێکی خەڵکی دهۆک لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەری لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی شارەکە گیانی لەدەستدا. 
 
کەسوکاری گەنجەکە سکاڵایان لەسەر نەخۆشخانەکە تۆمارکردووە. تەندروستیی دهۆک لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە پێکهێناوە و لەماوەی "یەک هەفتە" دا ئەنجامەکەی رادەگەیێنێت.
 
هەڤاڵ عوسمان، تەمەنی 21 ساڵ بوو، وەرزشڤان بوو، یاریزانی لەشجوانی بوو، نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 22-10-2024 بەمەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی "جیوب" دەچێتە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لەگەڵ دوو لە کەسوکاری، ئێوارەی هەمان رۆژ کەسوکارەکەی تەرمەکەی لە نەخۆشخانە وەردەگرنەوە.
 
کەسوکاری هەڤاڵ عوسمان، پزیشک و نەخۆشخانە تایبەتەکە بە "کەمتەرخەم و خەمسارد" دەزانن و سکاڵایان لەسەر تۆمارکردوون. جگەرخوێن عوسمان، برای گەنجە کۆچکردووە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "پزیشکی نەخۆشخانەکە کەمتەرخەم بوو. براکەم چوار کاژێر لە چاوەڕوانیدابوو تاوەکو چووە هۆڵی نەشتەرگەری و هیچ شتێکی نەخواردبوو. کاتێ چوومە سەر تەرمەکەی شین ببوو، چەند کاژێرێک بوو گیانی لەدەستدابوو."
 
نەخۆشخانە تایبەتەکە رەتیدەکەنەوە هیچ کەمتەرخەمییەک لەلایەن ئەوانەوە هەبێت. سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەکە بە رووداوی گوت: "هەموو پشکنین و رێکاری پێویستی پێش نەشتەرگەریی بۆ کراوە، تەرمەکە رەوانەی داد پزیشکی کراوە و چاوەڕێی ئەنجامەکەین. ئەگەر لە ئەنجامەکە هەر کەمتەرخەمییەک لە ئێمەوە دەربکەوێ، ئێمە ئەنجامەکەی لە ئەستۆ دەگرین."
 
محەممەد کەمال، کەسوکاری هەڤاڵ و شایەتحاڵێکی رووداوەکەیە، رۆژی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە لەگەڵ هەڤاڵ عوسمان چووەتە نەخۆشخانەکە، لە بەرنامەی بەرپرسیار، بەمشێوەیە باسی رووداوەکەی کرد: "هەڤاڵ نوێژی کرد پاشان چووە هۆڵی نەشتەرگەری. چوار کاژێر لە نۆرەدابوو کاژێر 12ـی نیوەڕۆ تاوەکو کاژێر 4ـی ئێوارە. زیاتر لە دوو کاژێر لە هۆڵی نەشتەرگەری مایەوە، هەر نەهاتە دەرەوە. پزیشک گوتی، دەیبەینە چاودێریی چڕ، گوتمان نەشتەرگەرییەکە ئەوەندە قورس نییە تاوەکو بیبەنە چاودێریی چڕ. دوای هاتنی پۆلیس بۆ نەخۆشخانە زانیمان شتێکی نائاسایی روویداوە. نەخۆشخانە بە ئێمەی نەگوت هەڤاڵ گیانی لەدەستداوە. پۆلیس هەواڵی مردنی هەڤاڵی بە ئێمە دا."
 
رووداو پەیوەندی کرد بە لقی دهۆکی سەندیکای پزیشکان، دکتۆر ئاراس عەبدال، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکاکە بە پاساوی ئەوەی کەیسەکە لە دادگەیە، ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو بابەتە بدات.
 
لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک بۆ رووداوەکە پێکهاتووە. دکتۆر سەفەر یوونس، بەڕێوەبەری بەشی تەکنیکی لە بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە بەرپرسیار، گوتی: "دوای ئاگادارکردنەوەمان لە رووداوەکە لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە چوار پزیشکی پسپۆڕ و یاساییەک پێکهات. شەوی رووداوەکە چوونە نەخۆشخانەکە، تەرمەکە رەوانەی دادپزیشکیی دهۆک کرا و چاوەڕێی ئەنجامین. لە ماوەی یەک هەفتەدا هۆکاری مردنی ئەو گەنجە ئاشکرا دەکرێت."
 
کەسوکاری هەڤاڵ عوسمان، داوا دەکەن یاسا کەیسەکە یەکلایی بکاتەوە. جگەرخوێن عوسمان، گوتی: "ئەگەر دادگە کەیسەکە یەکلایی نەکاتەوە، ئێمە بێدەنگ نابین. گومانمان لە هۆکاری مردنی براکەم هەیە، پزیشک خەمسارد بوون. دەمانەوێ هۆکاری مردنەکەی بە دروستی بزانین."
 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو کارمەندی کۆمیسیۆن لە بنکەیەکی دەنگدان لە هەولێر. وێنە: ىڵند تاهیر - رووداو

کۆمیسیۆن: پێنج مانگی دیکە پاداشتی دارایی کارمەندانی سەر سندووقەکان دابەش دەکەین

سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت: نزیکەی پێنج مانگی دیکەمان پێویستە تاوەکو بتوانین پاداشتی دارایی بۆ کارمەندانی سەر سندووقەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دابین بکەین.