یەکێتی و پارتی داوای پۆستی بەڕێوەبەری شارەوانییەکان و ئاوەڕۆی نەینەوا دەکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای نەینەوا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای دوو پۆستی بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکات، لە هەمان کاتدا پارتیی دیموکراتیی کوردستانیش داوای هەمان ئەو پۆستانە دەکات.
 
یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، کە دوو ئەندامی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەیە لەگەڵ بزووتنەوەی بابلیون-ی رەیان کلدانی، کە سێ کورسی هەیە، فراکسیۆنێکی هاوبەشیان لەنێو ئەنجوومەن پێکهێناوە بوونەتە پێنج کورسی.
 
محەممەد جاسم کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی یەکێتی رۆژی پێنجشەممە، 24-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەکاتی دابەشکردنی پۆستەکاندا، پۆستی جێگری دووەمی پارێزگاری نەینەوا دراوەتە بابلیون، رێککەوتنیان کردووە، هەر پۆستێکی دیکە ئەگەر بەر فراکسیۆنەکەیان بکەوێت دەدرێتە یەکێتی.
 
محەممەد کاکەیی دەڵێت، یەکێتی داوای پۆستی بەڕێوەبەری شاروانییەکان و ئاوەڕۆی نەینەوا دەکات و بە شایستە و بەرکەوتەی خۆی دەزانێت.
 
سەبارەت بەوەی پارتی، داوای پۆستی بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی و ئاو و ئاوەڕۆی دەکات، نوێنەرەکەی یەکێتی گوتی، "پارتی ئازادە داوای کامە پۆست دەکات، ئێمەش ئازادین داوای کامە پۆست دەکەین، لە دانوستاندنەکاندا ئەمە یەکلادەبێتەوە."
 
پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا چوار کورسی هەیە. پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوای وەرگرتووە و سیروان رۆژبەیانی بە جێگری پارێزگار هەڵبژێردراوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 23-10-2024 ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، گفتوگۆ لەبارەی دابەشکردنی پۆستی بەڕێوەبەرەکان لە پارێزگای نەینەوا هەیە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "پارتی داوای پۆستی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی، کشتوکاڵ، شارەوانییەکان و ئاو و ئاوەڕۆکان دەکات".
  
نوێنەرەکەی پارتی لە ئەنجوومەنەکە دەڵێت: "پۆستی جێگری بەڕێوەبەرەکانیش گرنگە. دیارترین ئەو پۆستانەی داوایان دەکەین بریتین لە جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی، جێگری بەڕێوەبەری وەبەرهێنان و جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی نەینەوا".
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە کە سێیان کۆتان (کریستیان، کوردی ئێزدی و کوردی شەبەک). پارتی دیموکراتی کوردستان 4 ئەندام و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 2 ئەندامی لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە