رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە عومەر ئۆجەلان لەگەڵ مامی کۆبووەوە. پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بە رای گشتی راگەیاند، عەبدوڵلا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، دەتوانێت کۆتایی بە پێکدادان و تووندوتیژی بهێنێت.
عومەر ئۆجەلان کاژێر 9:49ی رۆژی پێنجشەممە، 24-10-2024 دووەمین پۆستی لە تۆڕی ئێکس لەبارەی دیدارەکەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت: "رۆژی 23ی تشرینی یەکەم لە گرتووخانەی ئیمراڵی دیدارێکی خێزانیم لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان سازکرد".
لە بەشی دووەمی پۆستەکەیدا عومەر ئۆجەلان نووسیویەتی: "لە دیدارەکەدا بەڕێز ئۆجەلان بە گشتی تاوتوێی پێشهاتە سیاسییەکانی کرد و داوای کرد ئەم پەیامە بگەیەنمە رای گشتی 'گۆشەگیری بەردەوامە. ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و پراکتیکیی ئەوەم هەیە ئەم دۆخە لە زەمینەی پێکدادان و تووندوتیژییەوە رابکێشم بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی".
عومەر ئۆجەلان هەروەها رایگەیاندووە، کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان تەندروستە و سڵاوی بۆ هەمووان هەیە.
عومەر ئۆجەلان برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها رۆژی پێنجشەممە لە ئێکسی یەکەمیدا رایگەیاندبوو، رۆژی چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەم چوونەتە ئیمڕاڵی و رووبەڕوو دیداریان لەگەڵ ئۆجەلان کردووە.
عومەر ئۆجەلان نووسیبووی: "ئێمە وەک خێزانێک دوای چەندین ساڵ لە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024 لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆبوونەوەیەکمان هەبوو".
عومەر ئۆجەلان لە پۆستەکەیدا هەروەها نووسیبووی: "دوایین دیداری رووبەڕوو لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان رۆژی سێی ئاداری 2020 بوو. ئێمە وەک خێزانێک دوای چەندین ساڵ لە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024 کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان هەبوو. دەمانەوێت سەردانی رۆتینی خێزان، کە مافێکی یاساییە، بەبێ گوێدانە بارودۆخەکە بەردەوام بێت".
عەبدولقادر سەلڤی کە رۆژنامەڤانێکی دیاری تورکیایە و نزیکە لە دەسەڵاتی ئاکپارتی، رۆژی پێنجشەممە لە گوتارێکدا نووسیویەتی: "بەهۆی بارودۆخی دوورگەکەوە، رۆژی چوارشەممە داوا لە عومەر ئۆجەلان کرا لە دەرچەی سەربازی لە شارۆچکەی مودانایا سەر بە پارێزگای بورسا ئامادە بێت. عومەر ئۆجەلان بەرەبەیانیی دوێنێ بە کەشتییەک کە لە دەرچەی مودانیا وەستابوو گواسترایەوە بۆ ئیمراڵی. دیداری نێوان عومەر ئۆجەلان و عەبدوڵڵا ئۆجەلان کاژێر 11:00 دەستیپێکرد و تاوەکو پاشنیوەڕۆ بەردەوام بوو".
ئەو رۆژنامەڤانە دەڵێت، "دەگوترێ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ عومەر ئۆجەلان، ئەو پەیامەی داوە کە ئەگەر مەرجی گۆشەگیری نەهێڵرێت و دەرفەتی پەیوەندیکردنی بۆ بڕەخسێت، دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە دانانی چەک."
بە گوتەی سەلڤی، "ئۆجەلان گوتوویەتی، من ئامادەم بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆم جێبەجێ بکەم، داوا لە رێکخراوەکە دەکەم چەکەکانی دابنێت".
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی سێشەممە (22ـی تشرینی یەکەم) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت و بێت لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان قسە بکات و بڵێت "تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و هاواربکات و بڵێت رێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ