قایمقامی ورمێ: بریاری ئەنجوومەنی شارەکە بۆ گۆڕینی سەرۆکی شارەوانی رەتکرایەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی ورمێ رایگەیاند، بریاری ئەنجوومەنی شاری ورمێ بۆ لەسەرکارلادانی سەرۆکی شارەوانیی شارەکە لە لایەن لیژنەی باڵای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەوە رەتکرایەوە.

غوڵامحوسێن عەماری، قایمقامی ورمێ شەوی چوارشەممە رایگەیاند، ئەو لیژنە باڵایەی بە مەبەستی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە لەسەرکارلادانی سەرۆکی شارەوانیی شارەکە پێکهێنرابوو، دوای ئەنجامدانی دوو کۆبوونەوە، بریارەکەی ئەنجوومەنی شاری ورمێی رەتکردەوە.
 
غوڵامحوسێن عەماری گوتی، ئەندامانی لیژنەکە لەو بڕوایەدان بریاری ئەنجوومەنی شاری ورمێ سەبارەت بە گۆڕینی سەرۆکی شارەوانی هەم لە فۆرم و هەمیش لە ناوەڕۆکدا کەموکوڕی هەیە.
 
دەشڵێت، نەخستنەڕووی پرسی گۆڕینی سەرۆکی شارەوانی لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا، تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامانی ئامادەبوو لە کۆبوونەوەکەدا، هەروەها دەرکردنی فەرمانی خزمەتی سەرۆکی شارەوانیی ورمێ بۆ ماوەی چوار ساڵ و نەبوونی پێویستی بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکە لە کەموکوڕییەکانی بریارەکەی ئەنجوومەنی شاری ورمێن.
 
قایمقامی ورمێ جەختی لەوەشکردەوە، ئەگەر ئەنجوومەنی شارەکە پێداگر بێ لەسەر بریارەکەی، دۆسیەکە رەوانەی لیژنەی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دەکرێت.
 
رۆژی دووشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2024، ئەنجوومەنی شاری ورمێ بە بریارێک کە مشتومڕی زۆری لێکەوتووەتەوە، حوسێن مەهدیزادە، سەرۆکی شارەوانیی ئەو شارەی لەسەرکارلادا و کەسێک بە ناوی رەزا جەوان کیا وەکو سەرپەرشتیار دیاریکرا.
 
بەڵام چوار لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری ورمێ کە سادق تەوەکولی مێهر و ساسان ئیبراهیمزادە، ئەندامانی کوردی ئەنجوومەنەکەش تێیدان، دژی بڕیارەکە وەستانەوە و لە نامەیەکدا بۆ قایمقامی ورمێ رایانگەیاند، بەپێی یاسا بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی شار فەرمی بن، دەبێ لانیکەم دوو لەسەر سێی ئەندامان بەشدار بن، بەڵام لە کۆبوونەوەی لادانی سەرۆکی شارەوانیی ورمێدا لە 11 ئەندام 7 کەس بەشداربوون، بۆیە بڕیارەکە نایاساییە و داوایانکرد پێش بە جێبەجێکردنی بگیرێت.
 
دوای ئەو ناکۆکی و مشتومڕانە، غوڵامحوسێن عەماری، قایمقامی ورمێ رایگەیاند، بڕیاری لەسەرکارلادانی سەرۆکی شارەوانی نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و لیژنەیەک لە شارەزایانی یاسایی و نوێنەرانی قایمقامییەت، دەزگای داد و ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیار لەسەر ئەوە دەدات، کە بڕیارەکەی ئەنجوومەن یاساییە یان نا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند ئەی تی ئێمێکی "هەژماری من" لە هەولێر؛ وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

نووسینگەکانی پڕکردنەوەی فۆڕمی 'هەژماری من' لە سلێمانی داخراون؟

دەنگۆی داخستنی نووسینگەکانی "هەژماری من" لە بانکەکانی سلێمانی هەیە، یەکێک لەو بانکانە دەڵێت، 10 رۆژە کارەکانی "هەژماری من" لە بانکەکەیان راگیراوە، تیمەکانی ئەو هەژمارەش لە سلێمانی دەڵێن، لە کارەکانیان بەردەوامن.