رووداو - هەولێر
دوای هەڵوێستی فراکسیۆنی پارتی لەبارەی پڕۆژەی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی خێزان و ئافرەت، لە راگەیێندراوێکدا فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند، جەختدەکەنەوە کە "سوورن" لەسەر رێگریکردن لە تووندوتیژی دژی ژنان و لەهەمانکاتدا "ھەرگیز لەگەڵ سیاسەتێک، یان یاسایەکدا نابین کە دژ بە بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بێت".
لە راگەیێندراوەکەی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا کە رۆژی شەممە 24-9-2022 بڵاوکراوەتەوە، سێ خاڵ وەکو هەڵوێستی فراکسیۆنەکە خراوەتەڕوو کە بریتین لەم خاڵانە:
1- هەمیشە روون و راستگۆ بووینە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان؛ جەخت دەکەینەوە کە سوورین لەسەر رێگریکردن لە تووندوتیژی دژی ژنان و مرۆڤایەتی بە هەموو شێوەیەک و دژی ژن کوشتنین، لەگەڵ ئەوەشدا بڕوای تەواومان بە پاراستنی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیریی خێزانی هەیە و لە پرەنسیپە بنەڕەتیەکانمانە و خەباتیشی لەپێناودا دەکەین، هەروەک چۆن خەباتدەکەین لەپێناو پاراستنی شیرازەی خێزان و تەواوی کۆمەڵگەی کوردی و بەرگرتن لەهەر هەوڵێک بۆ لێکترازانی ئەندامانی خێزانەکان لەیەکتر.
2- بەلای ئێمەوە هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە؛ تووندوتیژی دژی ژنان تاوانن و دژی دابونەریت و کولتووری کوردەواری رەسەنن و لەو پێناوەشدا دەبێت یاساکانمان لە خزمەتی ئەم ئاراستەیەدا ببن.
3- مێژووی کوردستان پڕە لە نموونەی ئاکاری جوانی یەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا، ئەوەش ئەو کوردستانەیە کە یەکێتی لە پێناویدا خەبات دەکات؛ کوردستانێک کە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی تێدابێت، بۆیە فراکسیۆنەکەمان هەمیشە لەم پێناوەدا کاردەکات، سەرباری ئەوەی دووپاتیدەکەینەوە ھەرگیز لەگەڵ سیاسەتێک، یان یاسایەکدا نابین کە دژ بە بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بێت و رێزی ئایینەکانی دیکە و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤیش دەگرین، بۆیە، ئەگەر گومانێک هەبێت لەھەر هەنگاوێک، یان پڕۆژەیاسایەک کە دژی ئەو پرەنسیپانەی سەرەوە بێت، بەدڵنیاییەوە فراکسیۆنی یەکێتی دژی دەوەستێت و جەخت دەکات لەسەر پشتیوانیکردن لەسەر گوتە و هەڵوێستی فەرمیی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان لەسەر پابەندبوونی دامەزراوەکە بە بەها و بنەما سەرەکییەکانی شەریعەتی ئیسلامی؛ بۆیە داواکارین لەبەر رۆشنایی ئەو پابەندبوونە، مامەڵە لەگەڵ هەنگاوەکانی داهاتوو سەبارەت بە پڕۆژەیاساکە بکرێت کە لە بنەڕەتدا خاڵی هاوبەش و هاوڕایی تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بووە.
لەبارەی هەڵوێستی پارتییەوە، شەوی هەینی 23-9-2022، لەسەر پڕۆژەی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزان، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "دڵنیایی دەدەین کە رێگە نادەین یەک وشەش بە پاڵپشتیی ئێمە تێپەڕببێت کە هەستی موسڵمانان بریندار بکات".
رۆژی چوارشەممە، 21-9-2022، لە پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆی چڕ لەبارەی پڕۆژەی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی خێزان و ئافرەت کرا، دواتر کاردانەوەی زۆری لایەنە سیاسییەکان و هاونیشتمانییانی لێکەوتەوە و بەشێک بە تووندی دژی دەوەستنەوە و بەشێکیش پشتیوانی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ