رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی چەمچەماڵ لەماوەی مانگێکدا 23 کەسیان دەستگیرکردوون، کە بە تۆمەتی تاوانی کوشتن لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە. قایمقامی قەزاکەش دەڵێت ئەوە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی دەڵێن پۆلیس و ئاسایشی چەمچەماڵ کەمتەرخەمن لە دەستگیرکردنی تۆمەتباران.
رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لەماوەی 20-8-2020 تاوەکو 20-9-2020 هێزە ئەمنییەکانی چەمچەماڵ توانیویانە 23 تۆمەتبار دەستگیربکەن، کە لەلایەن دادگاوە بەپێی ماددەی 206 فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووبوو.
قایمقامی قەزای چەمچەماڵ دەشڵێت، لەماوەی ئەو مانگەدا 6 رووداوی کوشتن لە سنووری چەمچەماڵ و دەوروبەری روویانداوە و بکەرەکانیان دەستگیرکراون، ئەوانەی دیکەش ئەو تۆمەتبارانەن کە هەڵاتبوون و لەلایەن دادوەر و بە پێی ماددەی 206 داواکرابوون. گوتیشی "ئەو 23 تۆمەتبارەش کە دەستگیرکراون هەموویان دانیشتووی سنووری قەزای چەمچەماڵن بە هەر 9 ناحیە و 120 گوندەکەیەوە".
بەگوتەی رەمک رەمەزان، دەستگیرکردنی ئەو ژمارە زۆرەی تۆمەتباران کە بە رووداوی کوشتن تۆمەتبارن، وەڵامێکە بۆ ئەو کەسانەی کە دەڵێن هێزە ئەمنییەکانی چەمچەماڵ کەمتەرخەمن لە کارەکانیان و دەستگیرکردنی تۆمەتباران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ