قایمقامی چەمچەماڵ: پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ هێشتا لە قۆناخی دیزایینکردندایە

24-07-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
نیشانەکردن چەمچەماڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی چەمچەماڵ رایدەگەینێت پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ هێشتا لە قۆناخی دیزایینکردندایە، بەجێبەجێکردنیشی گرفتی ئاوی قەزای چەمچەماڵ و سێ ناحیە چارەسەر دەبێت. دەشڵێت، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی 200 زێدەڕۆیی لەسەر هێڵ و تۆڕەکانی ئاو لابراون و 10 بیری نوێ هەڵکەندراون.
 
رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ لەمیانی بەشداریکردن لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو رایگەیاند "لەماوەی ساڵانی رابردوودا 82 جار نووسراومان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە و چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاویی چەمچەماڵ ئاراستەی حکومەت کردووە. هەرچەندە هێشتا گرفتەکە چارەسەر نەکراوە، بەڵام لەچاو ساڵانی رابردوودا دۆخەکە باشترە."
 
بەگوتەی قایمقامی چەمچەماڵ، ئەمساڵ بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەمئاوی لە قەزاکەدا "10 بیری نوێ بە گوژمەی یەک ملیار و 900 ملیۆن دینار لێدراون، هەروەک کارەبای بەردەوامیان بۆ 17 بیری ئاو دابین کردووە و ئێستا هەموو بیرەکانی ئاو کارەبای بەردەوامیان هەیە و زیاتر لە 200 زێدەڕۆیی کە کرابوونە سەر هێڵ و تۆڕەکانی ئاو، لابراون."
 
رەمک رەمەزان ئاماژەی بەوەش کرد بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ئێستا کاتەکانی دابەشکردنی ئاو زیاتر لە هەفتەیەکە و "هەندێک شوێنمان هەیە هێشتا نزیکەی 9 رۆژ جارێک ئاویان بەسەردا دابەش دەکرێت."
 
پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ، لە ساڵی 2013 بە گوژمەی 120 ملیار دینار بەردی بناخەی دانرا، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن لە پرۆژەکە راگیرا و کەمتر لە 5٪ـی کاری تێدا کراوە.
 
قایمقامی چەمچەماڵ ئاماژە بەوە دەکات، "بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە، هیچ رێگریێکی یاسایی و سیاسی و کارگێڕی نییە، تەنیا هۆکار داراییە، ئێستا لە وەزارەتی شارەوانییەوە دیسان، دیزایینی پرۆژەکە کراوەتەوە و لەقۆناخی دیزاییندایە، هێڵکی لابراوە و بوودجەکەشی کراوەتە 70 ملیار دینار."
 
یەکێک لەو گرفتانەی ساڵانە رووبەڕووی قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی شۆڕش و تەکییە دەبێتەوە، گرفتی کەمئاوییە بەتایبەت لە وەرزی هاویندا.
 
رەمک رەمەزان دەڵێت، پرۆژەکە سێ ساڵی پێویستە بۆ ئەوەی جێبەجێبکرێت و تەواو ببێت، "بە تەواوکردنی پرۆژەکەش، گرفتی کەمئاوی زیاتر لە 200 هەزار هاونیشتمانیی لە قەزای چەمچەماڵ، ناحیەکانی تەکیە، شۆڕش و ئاخجەلەر و 17 گوندی ئاخجەلەر چارەسەر دەبێت".
 
ژمارەیەک هاونیشتمانی لە گوندەکانی سنووری چەمچەماڵ لە رێگەی بەرنامەی مژارەوە داوادەکەن تۆڕی کارەبای نیشتمانی بگەیەندرێتە گوندەکانیان.
 
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، بەگوێرەی رێنماییەکی وەزارەتی کارەبا، هەر گوندێک لە 5 ماڵ کەمتر نەبێت کارەبای بۆ دەبرێت، بۆیە ئەو گوندانەی کە لە پێنج ماڵ زیاترن و کارەبای نیشتمانیان نییە، تۆڕی کارەبایان بۆ رادەکێشرێت، لەساڵی 2018ـوە تائێستا زیاتر لە 56 گوند لەسنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحییەکانی کارەبای نیشتمانییان پێ گەیەندراوە.
 
لەبارەی پرۆژە تەندروستییەکانی سنووری چەمچەماڵ، رەمک رەزان گوتیشی، "ئێستا سەرمایەدار جەمالی حاجی عەلی، نەخۆشخانەیەکی 110 قەرەوێڵەیی لە قەزای چەمچەماڵ دروستدەکات و نەخۆشخانەیەکی دیکەش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە بڕی یەک ملیار و 125 ملیۆن دینار دروستکراوە و ئامادەیە بۆ کردنەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.