دەستەی گەشتوگوزار: هەر کافتریا و چێشتخانەیەک زمانی کوردی بەکارنەهێنێت مۆڵەتەکەی هەڵدەوەشێنرێتەوە

24-08-2022
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند: پێویستە لە ماوەی 15 رۆژدا هەموو شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان پابەندی بەکارهێنانی زمانی کوردی بن و لەکاتی پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکانیان وەک زمانی یەکەم دیاریکرابێت و هەر کەسێکیش پابەند نەبوو مۆڵەتی شوێنەکەی هەڵدەوەشێنرێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 24-08-2022 بە فەرمانێکی کارگێڕی، دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و بە واژۆی ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، سەرجەم هۆتێل، مۆتێل، کافێ، رێستۆرانت و ئەو شوێنە گەشتیارییانەی خزمەتگوزاریی گەشتیارییان تێدا پێشکێش دەکرێت، پابەند کران بەوەی زمانی کوردی بکەنە زمانێکی سەرەکی بۆ لیستی پێشکێشکردنی خواردنەکان و تابلۆی ناوی بازرگانی شوێنەکانیان.
 
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەیەکە تێبینیم کردبوو، لە زۆربەی هۆتێل، چێشتخانە، میوانخانە، چایخانەکان و زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکانمان زمانی بیانی خەریکە زاڵ دەبێت بەسەر زمانی رەسەنی کوردی، ئەوەش پێشێلکاریی مافێکی یاسایی و دەستووری هەرێمی کوردستانە."
 
ئەمەل جەلال دەڵێت، بڕیاریانداوە سەرجەم هۆتێل، مۆتێل، کافێ، چێشتخانەکان و هەموو شوێنە گەشتیارییەکان دەبێت زمانی یەکەم لە ناونیشانەکانیان (تابلۆ) مینۆکانیان زمانی کوردی بێت، دواتر زمانەکانی دیکە.
 
سەبارەت بەو شوێنانەی پابەند نابن بەو بڕیارە، ئەمەل جەلال گوتی: "هەر کەسێک پابەند نەبێت لە قۆناخی یەکەم سێ رۆژ شوێنەکەی دادەخرێت، قۆناخی دووەم ئەگەر دووبارەی کردەوە حەوت رۆژ، لە قۆناخی سێیەمدا مۆڵەتەکەی هەڵدەوەشێنینەوە".
 
بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەستەی گەشتوگوزار ماوەی 15 رۆژی دیاریکردووە. ئەمەل جەلال لەو بارەوە گوتی: "بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمان راسپاردووە ئاگاداری تەواوی کەرتی گەشتیاری بکەنەوە، هیوادارین میدیاکانیش هاوکارمان بن لە گەیاندنی دەنگمان بۆ ئەوەی دواتر شوێنە گەشتیارییەکان نەڵێن ئاگاداری ئەو بابەتە نەبووین، دەبێت بڕیارەکە لە ماوەی 15 رۆژدا جێبەجێ بکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە