رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا سەبارەت بە هێرشەکەی رۆژی پێنجشەممەی سەر هێزەکانیان بە رووداوی راگەیاند: دۆخی بریندارەکانمان جێگیرە، دوو لە بریندارەکان لە هەولێر و یەکێکیان لە بەغدا چارەسەر وەردەگرێت، دوو برینداری دیکەش گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان.
کاپتن ئابیگەیڵ هامۆک، گوتەبێژی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا - سێنتکۆم لە وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو سەربارەت بە هێرشەکەی رۆژی پێنجشەممە 23-03-2023 بۆ سەر هێزەکانیان لە سووریا و کوژرانی بەڵێندەرێکی ئەمریکی و برینداربوونی شەش سەربازی ئەمریکا و بەڵێندەرێکی دیکە رایگەیاند، "هەر شەش سەربازەکە و بەڵێندەرەکە دۆخی تەندروستیان جێگیرە، دوو لە سەربازەکان گەڕاونەتەوە سەرکارەکانیان" لە سووریا.
ئاماژەی بەوەش داوە، ''دوو سەربازیان ئێستا لە هەولێر چارەسەر وەردەگرن و بەم زووانە دەگەڕێنەوە سەرکارەکانیان، سەربازەکەی دیکە و بەڵێندەرەکەش لە بەغدا چارەسەر وەردەگرن و بەم نزیکانە دەگوازرێنەوە ئەمریکا بۆ چاودێری زیاتری پزیشکی."
گوتەبێژی سێنتکۆم راشیگەیاند، هێرشەکەیان بۆ سەر ئەو "گرووپانە ئەنجامداوە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن''، هێشتا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو زیانانە دەکەن کە لەو گرووپانەیان داوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداویش، هێزەکانی ئەمریکا لە وەڵامی هێرشە درۆنییەکە، بە دوو فڕۆکەی سەربازی، دوو بنکەی گرووپە چەکدارەکانیان لە نزیک دێرزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا کردووەتەوە ئامانج.
هاوکات، ئەمریکا لە دوای ئەو هێرشە درۆنییە، دەستیکردووە بە هەڵسەنگاندن بۆ ئاسایشی بنکە سەربازییەکانیان لە سووریا و کاردەکەن بۆ زیاتر پاراستنی ئەو بنکانە. ژەنەڕاڵ پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، هێزەکانیان لە سووریا لە ئەرکەکانیان بەردەوامن.
سەبارەت بەوەی کە 'ئایا ئەمریکا وەڵامی دیکەی دەبێت بۆ ئەو گرووپانەی بوونەتە هەڕەشە لەسەر هێزەکانیان لە سووریا و عێراق'، گوتەبێژی سێنتکۆم ئاماژەی بەوە دا، قسە لەبارەی شوێنی هێزەکانیان و هەروەها ئۆپەراسیۆنەکانیان لە داهاتوودا باس ناکەن.
هاوکات، گوتەبێژی پێنتاگۆن، رۆژی هەینی 24-03-2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە رووداوی راگەیاند، ''نامەوێت پێشوەختە باس لە هیچ هەنگاوێکی داهاتوو بکەم، جیا لەوەی کە بڵێم، ئێمە هەنگاوی گونجاو دەگرینەبەر ئەگەر هێزەکانمان بکەونە بەر هەڕەشە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ