پۆلیسی هەولێر: هاووڵاتییەکی عەرەب کە لەلایەن باندێکەوە رفێنرابوو، رزگارکرا

24-03-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چەند رۆژ لەمەوپێش هاووڵاتییەکی عەرەبی خەڵکی هەولێر لەلایەن باندێکی سێ کەسییەوە رفێنرا. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت: ''توانیمان هاووڵاتییەکە رزگار بکەین و دوو تۆمەتباریش دەستگیرکراون.''
 
رۆژی هەینی، 24-03-2023، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەو هاووڵاتییە عەرەبەی کە لەلایەن باندێکی سێ کەسییەوە رفێنرابوو، ''دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد هێزەکانمان توانییان لە قەزای شەقڵاوە لە ماڵێکدا کەسی رفێنراو رزگار بکەن و دواتریش دوو تۆمەتبار دەستگیرکران کە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە لەگەڵ کەسی سێیەم هاوکاربوون.''
 
بەگوتەی هۆگر عەزیز، رۆژی دووشەممە، 20-03-2023، هاووڵاتییەکی عەرب کە دانیشتووی شاری هەولێرە، لە لایەن هاوڕێیەکی خۆیەوە لە قەزای شەقلاوە بانگهێشت دەکرێت، بەڵام هاوڕێیەکەی لەگەڵ دوو کەسی دیکە باندێکی سێ کەسی پێکدێنن و لەلایەن ئەوانەوە دەڕفێنرێت و رادەگیرێت.

 

 
ئەم باندە کە دوو کەسیان کوردبوون و ئەوەی دیکەش هاوڕێی کەسی رفێنراو بووە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەکە دەڕفێنن، بۆ ئازادکردنی داوای 250 هەزار دۆلار لە خێزانەکەی دەکەن. 
 
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئاگادارکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تیمێکی تۆکمەی لێکۆڵینەوەیان پێکهێنا، بۆ ئەوەی بەدواداچوونێکی ورد لەسەر کەسانی تۆمەتبار و کەسی رفێنراو بکرێت.
 
هۆگر عەزیز گوتی: "لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان، دەست بەسەر هەندێک کەلوپەلی باندەکەشدا گیرا."
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ساڵی رابردوو، 9 هەزار و 446 تۆمەتبار بە دزی، کوشتن، ساختەکاری، مادە هۆشبەرەکان، تەقەکردن، رێگری و تاوانی دیکە دەستگیرکراون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە