نرخی نەوتی سپی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە

24-03-2022
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
بەرمیلی نەوت نرخەکەی تاوەکو 230 هەزار دینار بەرزبووەتەوە
بەرمیلی نەوت نرخەکەی تاوەکو 230 هەزار دینار بەرزبووەتەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەگەرچی وەرزی زستان کۆتایی هاتووە، بەڵام نرخی نەوتی سپی بەرزبووەتەوە. لە بۆرسەی کڕین و فرۆشتنی سووتەمەنی هەولێر، لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا نرخی نەوتی سپی بەقەد ئەمساڵ بەرزنەبووەتەوە، یەک بەرمیل نەوت بە 230 هەزار دینار لە بۆرسەکەدا فرۆشرا.
 
سنوورداربوونی هاتی نەوت لە نێوەڕاست و باشووری عێراق، هاتی شەپۆلێکی سەرما لە ناوەڕاستی مانگی سێ، نەبوونی نەوتی سپی پاڵاوگەکانی نێوخۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بە هۆکاری گرانبوونی نرخی نەوتی سپی دادەنرێت.
 
عەبدوڵڵا سەعید، بازرگانی سووتەمەنی بە رووداوی گوت، "ئیستا کەم کەم لە باشووری عێراقەوە دێت، چەند رۆژێک بە فرۆشتنی کۆ، بەرمیلێک گەیشتە 230 هەزار دینار، بەڵام ئیستا بە 216  بۆ 218  هەزار دینارە، تاوەکو دەگاتە دەستی کڕیار نرخی هەر بەرمیلێک دەبێتە 230 هەزار دینار."
 
رەوان سەعدی، بازرگانێکی دیکەی سووتەمەنییە و باس لەوە دەکات، "چارەسەر ئەوەیە دەبێ حکومەت پلانێکی گەورەی هەبێت، نابێ لێرە نرخی نەوت بە نرخی جیهانی ببەسترێتەوە، دەبێ بوودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخانبکرێت."
 
پێچەوانەی شار و ناوچە دەشتاییەکان، هێشتا ناوچە شاخاوییەکان ساردن و خواستێکی زۆر لەسەر نەوتی سپی هەیە. دەریا جەلال، شۆفێری تانکەری سووتەمەنی ئاماژە بەوە دەکات، "لە سۆرانەوە هاتووین، کەشوهەوای سۆران ساردە، لە هەولێر بەرمیلی نەوتمان بە 220 هەزار دینار کڕیوە، بە کرێی گواستنەوە دەبێتە 225 هەزار دینار و ئەوکاتەی دەگاتە دەستی کڕیار دەبێتە 230 هەزار دیناری عێرقی." 
 
ئەو نەوتە سپییەی ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، تەنیا لە پاڵاوگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراقەوە دێت، ئەگەر ئەو رێگەیەش نەمێنێت، دەبێ بە نرخێکی زۆر زیاتر لە وڵاتانەوە هاوردە بکرێت.
 
بازرگانانی سووتەمەنی جێگیربوونی بازاڕەکەیان دەبەستنەوە بە بەردەوامی دابەشکردنی نەوتی سپی حکومی. کەمال کاکە، بازرگانی سووتەمەنی ئەوەی خستەڕوو، "ئەگەر ئیستا حکومەت بڵێ دابەشکردن دەستیپێکردەووە، راستەوخۆ نرخەکە دادەبەزێت، چاوەڕێدەکرێت نرخی هەر بەرمیلێک نەوت 40 بۆ 50 هەزار دینار دابەزێت."
 
ئەگەر ساڵانە هەر خێزانێک بەرمیلێک نەوتی سپی وەربگرێت، هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی 260 ملیۆن لیتر هەیە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە رووداوی راگەیاند، ئەمساڵ نەوتی سپی بەسەر نیوەی دانیشووانی هەرێمی کوردستان دابەشکراوە. ئەوانەشی پارەیان لێوەرگیراوە و تاوەکو ئێستا نەوتیان وەرنەگرتووە، ئەگەر تاوەکو کۆتایی مانگی 3 نەوتەکەیان پێنەدرێت، ئەوا پارەکانیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دووکەڵی ئۆتۆمبێلێک

دەستەی ژینگە: 60٪ـی هۆکاری پیسبوونی هەوا ئۆتۆمبێلی تایبەتن

گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەشێکی پیسبوونی ژینگە بەهۆی پاڵاوگە نایاساییەکانەوەیە. پار لە پارێزگای هەولێر 54 پاڵاوگەی نایاسایی داخراون، هەروەها 60٪ـی پیسبوونی هەواش بەهۆی ئۆتۆمبێلەوەیە.