کوردستان
وێنەی بۆردوومانێکی تورکیا بۆسەر گوندێکی سنووری کۆبانێ کە گوتەبێژی هەسەدە بڵاویکردووتەوە. وێنەی بۆردوومانەکە لە هیچ ئاژانسێک نەبوو، بۆیە ئەم وێنەیە وەکو روونکردنەوە دانراوە.
رووداو دیجیتاڵ
تورکیا هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانەکانی بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چڕدەکاتەوە. گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، تورکیا قوتابخانە، نەخۆشخانە، کێڵگەی گاز و زیندانەکانی بەئامانجکردووە. دەشڵێت، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئاسایشی کەمپی هۆلیان بۆردوومان کردووە و لە ئەنجامدا چەند خێزانێکی داعش توانیویانە لە کەمپەکە هەڵبێن؛ هەسەدە ژمارەیەکیان دەستگیرکردووەتەوە.
فەرهاد شامی، گوتەبێژی هەسەدە ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-11-2022، لە تویتێکدا رایگەیاند: "فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ کە بەرپرسن لە پاراستنی کەمپی هۆل، بەئامانجکردن، لە ئەنجامدا چەند خێزانێکی داعش توانییان لە کەمپەکە هەڵبێن."
شامی دەڵێت، ئەم هێرشانەی تورکیا بۆسەر ئاسایشی کەمپی هۆل "نیازی تورکیا بۆ هاوکاریکردنی خێزانەکانی داعش و ئەندامەکانیان پێشاندەدات بۆ ئەوەی هەڵبێن."
گوتەبێژەکەی هەسەدە چەند کاژێرێک دوای ئەوە رایگەیاند: "هێزەکانی ئاساییشی ناوخۆ شەش ئەندامی خێزانەکانی داعشی دەستگیرکردووەتەوە کە سێ لەوانە ژنن؛ پێشتر لە ئەنجامی هێرشی تورکیا بۆسەر هێزە ئەمنییەکانی کەمپەکە هەڵاتبوون." شامی جەختی لەوە کردەوە، "دۆخەکە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە."
هاوکات ئارام حەننا، گوتەبێژێکی دیکەی هەسەدە لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هەر لە رۆژی چوارشەممە، سوپای تورکیا زیندانی جرکینیان لە قامشلۆ بەئامانجکردووە کە چەکدارانی پێشووی داعشی تێدا بەندکراون.
بەگوتەی ئارام حەننا، هەر لە رۆژی چوارشەممە، " تورکیا بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر کێڵگەیەکی گاز لە ناوچەی جەل ئاغا لە رۆژهەڵاتی قامشلۆ. هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چوار هێرشی ئاسمانییان کردەسەر گوندی عەلی ئاغا، لە تلکۆچەر، باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا. ژمارەیەک قوربانی تۆمارکران."
هاوکات فەرهاد شامی لە زنجیرە تویتێکدا رایگەیاند، بەهۆی تۆپبارانەکەی رۆژی سێشەممەی سوپای تورکیا بۆسەر گوندی کووران لە کۆبانێ، قوتابخانەیەک رووخاوە.
گوتەبێژی هەسەدە هاوپێچ لەگەڵ تویتەکەی ژمارەیەک وێنەی داناوە کە گوایە دیمەنی داروپەردووی قوتابخانەکەن.
بنکەیەکی تەندروستی لە گوندی قەرمۆگ "کە خزمەتی 10 گوندی دەکرد،" هەروەها "نەخۆشخانەی کۆرۆنا لە شاری کۆبانێ"، بەگوتەی فەرهاد شامی کەوتوونەتە بەر تۆپباران و بۆردوومانی تورکیا، ئەمە وێڕای "زیانگەیاندن بە تاوەرەکانی پەیوەندی لە گوندی جیشان لە نزیک کۆبانێ."
برینداربوونی سەربازێکی رووسی لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا
فەرهاد شامی بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند، تورکیا هێرشێکی ئاسمانی لە دژی پێگەیەکی شەڕڤانان لەنێو بنکەیەکی سەربازیی رووسیا ئەنجامداوە و بەوهۆیەوە شەڕڤانێکی هەسەدە گیانی لەدەستداوە و سێی دیکەشیان برینداربوون.
سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا باس لەوە دەکەن، لەو هێرشەی تورکیادا سەربازێکی رووسیاش برینداربووە، ئەوەش رۆژێک دوای ئەوە هات کە تورکیا هێرشێکی هاوشێوەی کردەسەر بنکەیەکی سەربازی کە لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشەوە بەکاردەهێنرێت.
مۆسکۆ هیچ پشتڕاستکردنەوە یان روونکردنەوەیەکی دەستبەجێی لەبارەی برینداربوونی سەربازێکیان لە هێرشە ئاسمانییەکەی تورکیادا نەبوو. رووسیا لە ساڵی 2015ـەوە بۆ پشتیوانیکردن لە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا، هێزەکانی لەو وڵاتە جێگیرکردوون.
سەرەکیترین بنکەی سەربازیی رووسیا دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای سووریا، بەڵام لە ساڵی 2019ـەوە سەربازەکانی لە رۆژئاوای کوردستانیش جێگیرکردوون بۆ ئەوەی ببنە نێوبڕێک لەنێوان هێزەکانی تورکیا و شەڕڤانان.
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا رۆژی چوارشەممە گوتی، هێزەکانی وڵاتەکەی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "چنگ شمشێر"ـدا لە رۆژی یەکشەممەوە نزیکەی 500 پێگەیان لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکردووە، ئۆپەراسیۆنێک کە ئەنقەرە دەڵێت لە تۆڵەی تەقینەوەکەی ئیستەنبووڵ دەستیپێکردووە، وێڕای ئەوەی گەریلا و شەڕڤانان رەتیدەکەنەوە لێی بەرپرس بن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا تۆمەتی تەقینەوەکەی 13ی نۆڤەمبەری خستووەتە پاڵ پارتی کرێکارانی کوردستان.
رۆژی چوارشەممە دووبارە هەڕەشەی ئەنجامدانی لەشكركێشی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کرد.
رووسیا، حکومەتی سووریا و ئەمریکا دژی هێرشەکە هۆشدارییان داوە و هەسەدەش داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەڵوێستی تووندتریان هەبێت بۆ رێگریکردن لە هێرشەکە، هۆشداریش دەدات، هەر لەشکرکێشیێک بکرێت، "شەڕێکی گەورە" هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ