سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ حیزبوڵڵا: بەجۆرێک لێتان دەدەین وێنا نەکرێت

23-10-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، حیزبوڵڵا "گەورەترین هەڵەی ژیانی" دەکات، ئەگەر بەرەیەکی نوێی جەنگ دژی ئیسرائیل لەسەر سنووری لوبنان بکاتەوە. دەشڵێت، بەجۆرێک لێیان دەدەن نەتوانن وێنای بکەن.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی سەردانیکردنی سەربازەکانی سوپای وڵاتەکەی لە نزیک سنووری باکووری وڵاتەکەی لەگەڵ لوبنان ئەم قسانەی کرد، ئەوە لە کاتێکدایە، تۆپباران و شەڕە تەقەی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان لەو شوێنە زیاتر دەبێت و ئەگەری کردنەوەی بەرەیەکی دیکەی جەنگ دژی ئیسرائیلی دروستکردووە. 
 
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە بڕیاریدا 14 ئۆردووگای دیکەی نزیک سنوورەکە هاوشێوەی دەیانی دیکە چۆڵبکرێن.
نەتەنیاهوو گوتی، ئەگەر حیزبوڵڵا بچێتە نێو جەنگەکەوە ئەوا "گەورەترین هەڵەی ژیانی" دەکات.  
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی، "بە جۆرێک لێی دەدەین کە تەنانەت نەتوانێت وێنای بکات، لێکەوتەکەشی بۆ خۆی و وڵاتی لوبنانیش وێرانکەر دەبێت."
 
حیزبوڵڵا یەکێکە لە هاوپەیمانەکانی حەماس کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم هێرشی کردە سەر ناوچەکانی نزیک لە سنووری كەرتی غەززە لە ئیسرائیل و هەزار و 400 کەسی کوشت. 
 
لە وەڵامی هێرشەکەدا، ئیسرائیل دەستی بە هێرشی ئاسمانی کرد بۆ سەر کەرتی غەززەی ژێر کۆنترۆڵی حەماس کە تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی چوار هەزار و 741 کەس، هەروەها زیاتر لە 14 هەزار کەس برینداربوون، ئەمە بە گوێرەی تەندروستیی غەززە.  
 
هاوکات لەگەڵ ئەو بۆردوومانانە، ئیسرائیل لە سنووری باکووری خۆی لەگەڵ چەکدارانی حیزبوڵڵا کەوتووەتە شەڕە تەقە و تۆپباران.
 
لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە، ئەو شەڕە بووەتە هۆی کوژرانی 36 کەس لە لوبنان کە زۆربەیان چەکدار بوون و چواریان خەڵکی سڤیل لەنێویاندا رۆژنامەڤانێکی رۆیتەرز.  
 
چوار کەسی دیکەش لە نێو ئیسرائیل کوژراون کە 3 سڤیل و ئەوی دیکەیان سەرباز بووە. 120 هەزار ئیسرائیلیش لە نزیک سنووری لوبنان و دەوروبەری غەززە ئاوارە بوون. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە