رووداو دیجیتاڵ
مەڵبەندی دراساتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە بڕیارێک ئەژی ئەمین، لە ریزەکانی دەردەکات و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیش بڕیارەکە پەسند دەکات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەیەکی ناو یەکێتییەوە دەست رووداو کەوتووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بڕیارێکی فەرمی، ئەژی ئەمینی لەنێو حیزبەکە دەرکردووە، "بەهۆی پابەند نەبوون و لادان لە دیسپلینی حیزبی."
مەڵبەندی دراساتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بڕیارێکیدا کە لە میدیای فەرمیی حیزبەکە بڵاوبووەتەوە و بە نووسراوێک کە لە 08-08-2022 دەرچووە، ئاماژە بەوە کراوە، "بڕیارماندا بە دەرکردنی (سەلمان ئەمین نادر) ناسراو بە (ئەژی ئەمین) لە مەڵبەندی دراساتی گشتی و لە ریزەکانی (ی. ن. ک)، کە بە پێچەوانەی بڕگەکانی (هـ، و) لە ماددەی 8 و بڕگەکانی (یەکەم، دووەم، چوارەم، پێنجەم، شەشەم و نۆیەم) لە ماددەی 9 و بڕگەکانی (دووەم و سێیەم) لە ماددەی 11 و بڕگەکانی (یەک، سێ، چوار، پێنج، شەش-هـ) لە ماددەی 12ی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی کاریکردووە."
لە وەڵامی ئەم بڕیارەدا، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە نووسراوێک بە ژمارە 128 لە 11-08-2022 بڕیارەکەی پەسندکردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، "لە رۆژی پەسندکردنییەوە ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکرێت."
رۆژی دووشەممە 13-6-2022، دەزگای زانیاری لە ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە، كە بەڕێز (سەلمان ئەمین نادر) ناسراو بە (مامۆستا ئەژی) بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 69 لە رۆژی 27-3-2022 لە پۆستەكەی بەخشراوە و هیچ پەیوەندییەكی بە ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری نەماوە."
لە دوای رووداوەکانی 8ی تەمموزی نێوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەنێوان هەردوو هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتییەوە، ئەژی ئەمین کرایە بەرپرسی دەزگای زانیاری، بەڵام لە ماوەی رابردوودا ئەژی ئەمین، لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەكێتی لە پۆستی بەرپرسی دەزگای زانیاری دوورخرایەوە و جەلال شێخ ناجی، لە شوێنەکەی دانرا. لە بەرامبەردا ئەژی ئەمین لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە 12-10-2022 خۆی وەکو سهرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری ناساندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ