رووداو – هەولێر
سوپای تورکیا کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی دوو سەربازی دیکەی لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی هەینی 23ی ئەیلوولی 2022، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، کوژرانی سەربازێکی وڵاتەکەی بەناوی سەرکان ئەرکوش و برینداربوونی دوو سەربازی دیکەی لە میانی رووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانی پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لە خاکی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
بەمەش، وەک لە راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە لە هەرێمی کوردستان کوژراون، گەیشتە 62 سەرباز.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی چوار گەریلای لە ئاڤاشین راگەیاند و دەڵێت، ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە گیانلەدەستدانی ئەو گەریلایانە بەهاوئاهەنگیی تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی میت و سوپای تورکیا ئەنجامدراوە.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژی هەینی 23-9-2022، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە کوژرانی 11 سەربازی سوپای تورکیای لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین راگەیاند. گوتیشی، چوار سەربازی دیکەش برینداربوون.
لە راگەیێندراوێکی دیکەشدا، هەپەگە ناسنامەی چوار گەریلای ئاشکراکرد کە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە 383 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و 62 سەربازی سوپای تورکیاش کوژراون؛ لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی دوو هەزار و 55 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 111 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ