رووداو دیجیتاڵ
دوای کەمتر لە 24 کاژێر لە دۆزینەوەی تەرمی كۆچهك میران، كهسایهتیی ئایینیی ئێزیدی کە لەلایەن کەسێکی نەناسراو لە قەزای شێخان بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا، هێزە ئەمنییەکانی دهۆک بکوژەکەیان دەستگیرکرد.
موقەدەم هێمن سڵێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ سێشەممە 2020/09/23 تەرمی کوچەک میران، کەسایەتیی ئێزدی لە ناوچهی گرموبارهكی رۆژئاوای قهزای شێخان دۆزرایەوە کە لەلایەن کەسێکی نەناسراو دەستڕێژی گوللـەی لێکرابوو و کوژرابوو، تۆمەتبارەکەش بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتبوو".
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک ئاماژەی بەوە دا، "دوای دۆزینەوەی تەرمی كۆچهك میران کە شوێنەواری چەند گولـلەیەک بە جەستەیەوە بووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسییەکە کرایەوە، فەرمانی دادوەر بۆ دۆزینەوەی بکوژەکە وەرگیرا و لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێر دۆزرایەوە و دەستگیرکرا".
بە گوتەی موقەدەم هێمن سڵێمان، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و خەریکی لێکۆڵینەوەن لەگەڵی بۆ زانینی هۆکاری تاوانەکە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست رووداو کەوتوون، بکوژەکە ناوی "س. چ. ب."ـە و دوای کوشتنی كۆچهك میران، هەڵاتووە بۆ گوندێک بە ناوی "کەنداڵە" و لەوێ خۆی شاردووەتەوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دهۆکەوە دۆزراوەتەوە و دەستگیرکراوە.
كۆچهك میران کەسایەتییەکی دیاریی ئایینی ئێزدییەکان بوو و دانیشتووی كۆمهڵگهی "مههد"ی سەر بە قهزای شێخان بوو، شهوی رابردوو دهستدرێژی گوللـهی لێكرا و کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ