رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ دۆسیەکانی 40 حوکمدراو، کە ئازادبوونی مەرجدار دەیانگرێتەوە، یەکلایی ببێتەوە. ئەندامێكی تیمی پارێزەری حوکمدراوانیش دەڵێت، "حوکمدراوانی بادینانیشی تێدایە و ئەمڕۆ دۆسیەکانیان تەواو ببێت سبەی بە دڵنیاییەوە ئازاد دەکرێن." بەڕێوەبەری چاکسازیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "ئازادبوونی مەرجدار نزیکەی 70 کەس دەگرێتەوە، دوێنێ دۆسیەی 10 کەسمان ناردووەتە دادگە و ئەمڕۆ دۆسیەی 35 کەسی دیکە دەنێرین بۆ فەرمانگەی بەڵگەکانی تاوان."
بەشدار حەسەن، ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ دۆسیەی نزیکەی 40 حوکمدراو کە حکومدراوانی بادینانیشی تێدایە دەدرێتە دادگە، ئەگەر کارەکانیان تەواو ببێت، ئەوە سبەی بە دڵنیاییەوە ئازاد دەکرێن."
ئەو ئەندامەی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان گوتیشی، "بەشێکیان دۆسیەکانیان لە فەرمانگەی بەڵگەکانی تاوانە و هێشتا نەهاتووەتەوە، ئێستا لەوێین و چاوەڕوانین. لەگەڵ بەڕێوەبەری چاکسازیی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵین و بەڵێنی داوە ئەمڕۆ دۆسیەی هەموویان تەواو بکەن."
هاوکات ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری چاکسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئازادبوونی مەرجدار نزیکەی 70 کەس دەگرێتەوە، دوێنێ دۆسیەی 10 کەسمان ناردووەتە دادگە و ئەمڕۆ دۆسیەی 35 کەس دەنێرین بۆ فەرمانگەی بەڵگەکانی تاوان، رەنگە بەهۆی رێکارە کارگێڕییەکان لەوێ دوو بۆ سێ رۆژ دۆسیەکانیان دوابکەوێت، بەڵام ئەگەر بێتو کارەکانیان ئەمڕۆ تەواو ببێت، ئەوە کاژێر 05:00ی ئێوارەش بێت بۆ دادگەی دەنێرم."
بەڕێوەبەری چاکسازیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "لەگەڵ وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیارمان دەرکردووە کە هەر کەس ئازادبوونی مەرجدار دەیگرێتەوە رێکارە کارگێڕییەکانیان بۆ تەواو بکەن و کارەکانیان بەڕێبکەن، دووجاریش چوومەتە چاکسازی و حوکمدراوانم بینیوە گلەییان ئەوە بوو کارەکانیان تەواو ناکرێت، بەڵام بەڵێنم پێدان هەموو رێکارەکان بەردەوامە بۆ ئازادبوونیان."
ئازادکردنی بەمەرج یەکێکە لەو رێوشوێنانەی لە یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستاندا کاری پێدەکرێت و بریتییە لەوەی بۆ هەر ساڵێک دەتوانرێت سێ مانگ لە ماوەی سزادانی تاوانبار کەمبکرێتەوە، ئەگەر لە زینداندا بە باشی مامەڵەی کردبێت.
بە گوتەی بەشدار حەسەن، سەرەتا کەیسی 10 حوکمدراو یەکلایی دەکرێتەوە و ئەولەویەتیش بۆ گیراوانی شیلادزێیە.
دوای حوکمدانی پێنج کەس لە شارۆچکەی شیلادزێ لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بە دوو ساڵ زیندانیکردن، ئەو کەسانە ساڵێک و شەش مانگیان لە زیندانی ئاسایش بەسەربردبوو و، دەتوانرێت ئەو شەش مانگەی دیکەیان بە ئازادکردنی بەمەرج بۆ هەژمار بکرێت و ئازاد بکرێن.
بۆئەوەی دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان یەکلا ببێتەوە، پێویستە چاکسازیی گەورانی هەولێر راپۆرتی لێکۆڵینەوەی حوکمدراوان و پەنجەمۆرەکانیان ئامادە بکات. دوای ئەوەی داواکاری گشتی لەبارەی ئازادکردنی بەمەرجی پێنج لە حوکمدراوانی شیلادزێ بۆچوونی خۆی دەدات، دادوەری دادگەی تاوانەکانی دەشتی هەولێر بڕیار لەبارەی ئازادکردنیان دەدات.
حوکمدراوانی شیلادزێ ئەمانەن:
یوسف شەریف ئیبراهیم، لەدایکبووی 2001
مەحموود ناجی سدیق، لەدایکبووی 1996
کۆڤان تارق جبرائیل، لەدایکبووی 1996
ئەمجەد یوسف مستەفا، لەدایکبووی 1989
نێچیرڤان بەدیع حاجی، لەدایکبووی 1993
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ