رێکخراو و کەسایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان: سڕینەوەی تابلۆکانی زانکۆی کوردستان مەترسیدارە

23-08-2021
فواد حەقیقی
نیشانەکردن سنە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەیان رێکخراو و کەسایەتیی رۆژهەڵاتی کوردستان سڕینەوەی تابلۆ کوردییەکانی زانکۆی کوردستان لە سنە بەجێگەی "گومان" و "مەترسیدار" ناودەبەن و داوا لە پۆلیس و دامودەزگە دادوەرییەکان دەکەن رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەران و سەرپەرشتیکارانی ئەو هەنگاوە بگرنەبەر.
 
رێکخراو، ئەنجوومەن، دامەزراوە و کەسایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاندووە، سڕینەوەی تابلۆ کوردییەکانی زانکۆی کوردستان لە سنە و سووتاندنی پەیکەری مامۆستا هەژار لە مهاباد "نیشانەی پەرەسەندنی شێوە بیرکردنەوەیەکە کە باوەڕی بە فرەجۆری زمانی و نەتەوەیی نییە" و "هەوڵدەدات بە ترساندن و تۆقاندن کۆسپ بخاتە سەرڕێگەی هەوڵەکانی ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە مافەکانی کورد هەیە".
 
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 19-08-2021 ژمارەیەک قوتابی تابلۆ کوردی، عەرەبی و ئینگلیزییەکانی زانکۆی کوردستانیان لێکردەوە و لە راگەیێندراوێکدا گووتیان: "پرسە ناوچەیی و نەتەوەییەکان" بۆ "بەرژەوەندیی تایبەتی" بەکارهێندراون و ئەوانیش رێگە بەوە نادەن.
 
بەشی کولتووری و کۆمەڵایەتیی زانکۆی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رۆژی شەممە 21-8-2021  گوتی: "ژمارەیەک قوتابی بە وەرگرتنی مۆڵەت و بێ ئاگاداری بەرپرسانی زانکۆ" ئەو کارەیان کردووە و دڵنیاییدا کە "بەرپرسانی زانکۆ بەشێوەی جیدی بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن".
 
ئەنجوومەنە پیشەییەکانی زانکۆی کوردستان لە سنەش لە راگەیێنراوێکدا کە رۆژی 22.08.2021 بڵاویان کردەوە، دەڵێن، لێکردنەوەی تابلۆکان هەوڵێکی "رێکخراو"ی "گرووپێکی تووندڕەوی ناسراو" بووە و داوایان کردووە "چالاکییەکانی ئەو گرووپە جیاخوازە سنووردار" بکرێت.
 
لە هەواڵێکدا کە پەیجی ئینستاگرامی راگەیاندنی قوتابیانی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، ئەو کەسانە بە بیانووی رێزگرتن لە رۆژانی عاشوورا و تاسوعا بەرزکەرەوەیەکیان بۆ هەڵواسینی ئاڵای رەش بردووەتە نێو زانکۆ و تابلۆکانیان لابردووە.
 
ئەنجوومەن و دامەزراوە و کەسایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سڕینەوەی تابلۆکانی زانکۆی کوردستانیان سەرکۆنە کردووە و داوایان لە زانکۆی کوردستان کردووە بەپێی ئەو دەرفەتەی هەیەتی هەوڵ بۆ پەرەپێدانی کولتوور و زمانی کوردی بدات و تابلۆکان دابنێتەوە.
 
زانکۆی کوردستان لە سنە تەنیا زانکۆیەک لە ئێران کە بەشێکی تایبەتی بۆ خوێندن بە زمانی کوردی بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس هەیە. ئەم بەشە ساڵی 2015 کرایەوە و لەو کاتەوە ساڵانە قوتابی وەردەگرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە