رووداو دیجیتاڵ
26 کەس لە پێکهاتەکان ناوى خۆیان لە کۆمیسیۆن تۆمارکردووە بۆ بەشداریکردن لە رکابەریى لەسەر پێنج کورسى کۆتا. 16یان لە سنوورى هەولێرە و زۆترینیان تورکمانن.
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، لە ماوەى کردنەوەى دەرگاى تۆمارکردنى پارت و هاوپەیمانێتییەکان، 26 بەربژێرى پێکهاتەکان ناوى خۆیان بۆ بەشداریى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکردووە.
تاوەکو 23ى حوزەیران، لە سنوورى سلێمانی، پێنج بەربژێرى تورکمان و یەک بەربژێرى کریستیان ناویان تۆمارکردووە، لە هەولێر نۆ بەربژێرى تورکمان و حەوت بەربژێرى کریستیان ناویان تۆمار کردووە لە دهۆک چوار بەربژێرى کریستیان (ئەرمەن) ناوى خۆیان تۆمار کردووە.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕیى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو بەربژێرانەی ناویان تۆمارکردووە، لەدواى کردنەوەى دەرگاى پێشکێشکردنى لیستى بەربژێران بەڵگەنامەکانیان رادەست بکەن بۆ ئەوەی دواتر پەسەند بکرێن."
13ى حوزەیران دەرگاى تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانێتی و بەربژێرانی تاکەکەسی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد 24ـی حوزەیران دوا وادەیە بۆ ئەو تۆمارکردنە، پێشکێشکردنى ناوى بەربژێرانى پێکهاتەکان لەم ماوەیەدا بووە.
20ـی ئایاری 2024 دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى ناچار کرد، پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، دوو کورسی بۆ تورکمان و کریستیان لە سلێمانى، دوو کورسى هاوشێوە لە هەولێر، یەک کورسی بۆ پێکهاتەى ئەرمەن لە دهۆک تەرخانکرا.
57 بەربژێرى سەربەخۆ پێشتر ناویان تۆمارکردبوو، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، "12 پارت و دوو هاوپەیمانێتى تاوەکو ئێستا ناوى خۆیان تۆمارکردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن کە دوانیان لە کردنەوەى دەرگاى ناوتۆمارکردن داواکارییان پێشکێکش کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ