ناردنی گازی شل لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر و دهۆک ئاسایی بووەوە

23-04-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کێشەی نەناردنی گازی ماڵان بۆ هەولێر و دهۆک چارەسەر کرا. قایمقامی کۆیە دەڵێت، ناردنی گاز بارگرانیی زۆری لەسەر رێگەوبانی قەزاکە دروستکردووە و چارەسەری ریشەیی کۆیە بەدووسایدکردنی رێگەی نێوان هەولێر و کۆیەیە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 23-04-2024 تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە بە رووداوی گوت، ئێستا رێگەکانی بالیسان، سکتان و هیران، شەقڵاوە و دۆڵی سماقوڵی، کۆیە - هەولێر بۆ ناردنی گازی شل بۆ ئەو دوو پارێزگایە بەکاردەهێندرێت.
 
رۆژانە لە سنووری سلێمانییەوە 24 تانکەر غاز بۆ هەولێر و دهۆک دەنێردرێت؛ 13 تانکەری بۆ هەولێر، دوو بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و 9 تانکەریش بۆ پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
 
قایمقامی کۆیە دەڵێت، ناردنی گازی شل لە رێگەی ئەو هەموو بارهەڵگرەوە بارگرانیی زۆری لەسەر رێگەکانی سنووری قەزای کۆیە دروستکردووە. رێگەی دووسایدی فیدراڵیش لە سنوورەکەیان بە تەواوەتی پەکیکەوتووە.
 
پێش رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، گازی شل لە رێگەی چەمچەماڵ و پردێوە دەنێردرایە هەولێر و دهۆک.
 
قایمقامی کۆیە دەڵێت، هەرچەندە ناردنی گازی شل دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام ئەو رێگە جێگرەوانە خۆدزینەوەیە لە کێشە بنەڕەتییەکە، ئەویش دووسایدکردنی رێگەی کۆیە-هەولێرە. بەدووسایدکردنی ئەو رێگەیە، کێشەکە لە ریشەوە چارەسەر دەکات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سووتەمەنی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو، "لە دوێنێوە ناردنی غاز بۆ هەولێر و دهۆک راگیراوە و یەک تانکەر نەنێردراوە."
 
دابەشکردنی غاز لە هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی کۆمپانیای ساوز کوردستاندایە. 
 
سامانی حاجی فایەق، بەڕێوەبەری جێبەجکاری کۆمپانیاکە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "هیچ هۆکارێکی سیاسیی نییە؛ تانکەرەکان ئامادەن و ئەوەی هەبووە رێگرییە لە چەند رێگەیەکەوە کە خەڵک ناڕازین تانکەرەکان هاتووچۆی پێدا بکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەو چوار ساڵەدا زۆرترین کەس لە ساڵی 2021 خنکاون. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.

بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە چوار ساڵدا 116 کەس لە ئاودا خنکاون

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە چوار ساڵی رابردوودا 224 کەس لە رووداوی جیادا گیانیان لەدەستداوە کە 116یان لە ئاودا خنکاون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا بەهۆی رووداوی جیاوە هەزار و 218 ئۆتۆمبێل سووتاون.