رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەشێکی زۆری خانەنشینی هێزەکانی 70 و 80ـی پێشمەرگە مووچەی مانگی یەکیان وەرنەگرت، ئەمڕۆ زۆربەیان مووچەی مانگی یەک و دوویان پێکەوە وەرگرت. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە دەڵێت، ئیدی مووچەیان دواناکەوێت.
فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کێشەی ئەو خانەنشینانە چارەسەر کرا کە مانگی یەک مووچەیان وەرنەگرت. ئەمڕۆ زۆرینەیان مووچەی مانگی یەکیان لەگەڵ مانگی دوو وەرگرت".
بەگوتەی فەتحوڵڵا عومەر، پێشمەرگە خانەنشینەکان لە هەردوو یەکەی 70 و 80ـی پێشمەرگە بوون؛ گوتیشی: "کێشەکەیان چارەسەر کراوە و پێم وانییە جارێکی دیکە لە وەرگرتنی مووچە کێشەیان بۆ دروست بێت".
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ خانەنشینانی پێشمەرگە مووچە وەردەگرن.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی مانگی یەک مووچەیان وەرنەگرتووە و ئەمڕۆش تاوەکو ئێستا وەریان نەگرتووە، کێشەیان بۆ دروست نابێت و لە کاژێرەکانی داهاتوودا وەریدەگرن.
هۆکاری راگیرانی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی 70 و 80 لە مانگی یەک، گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینەکان بوو لە یەکەکانیانەوە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
هەردوو یەکەی 70 و 80ـی پێشمەرگە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن، ئەوەی یەکەمیان سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و ئەوی دیکەشیان پارتی دیموکراتی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ