رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی گەیشتە پیرمام، دوای زیاتر لە کاژێرێکیش، کۆبوونەوەکەیان کۆتاییهات.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 16-3-2025) سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو "کۆبوونەوەکە بۆ تەواوکردنی ئەو بابەتانەیە کە لە کۆبوونەوەکانی رابردوودا یەکلایی نەکراونەتەوە."
پارتی و یەکێتی لە رێگەی لیژنەوە چەند جارێک کۆبوونەتەوە و تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لە پرمامەوە زانیاری لەبارەی کۆبوونەوە لووتکەکە دەخاتەڕوو:
دوێنێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو؛ کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی نوێ و دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستانە؛ هەروەها باس لە خۆئامادەکردنە بۆ گۆڕانکاری و پێشهاتەکان و مامەڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵیان.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسیی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و بەدوایدا نەوەی نوێ 15 کورسییان بەدەستهێنا.
کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی بافڵ تاڵەبانی لە پیرمام:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ