رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی لە گوتاری نەورۆزی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەرگای ئاشتی و دیموکراسیی بەسەر ئەم سیستمەی ئێستا واڵاکردووە.
تونجەر باکرهان، رۆژی یەکشەممە، 23-3-2025، لە گوتاری ئاهەنگی نەورۆزی ئیستەنبووڵ گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، لە سەردەمی کاوەی ئاسنگەرەوە تاوەکو ئەمڕۆ، مەشخەڵی نەورۆز نەکەوتووە و گەیشتووەتە ئەمڕۆ. من سوپاسی ئەو گەلە دەکەم کە رێگەی نەداوە ئەو مەشخەڵە بکەوێت".
هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها رایگەیاند، ئەم بانگەوازە بەرپرسیاریەتییەکی گەورە دەخاتە سەر شانی هەمووان و دەبێت هاوپەیمانیی فراوانتر دروست بکەن.
تونجەر باکرهان رایگەیاند، ئەم ساڵ لە کەشێکی جیاوازدا نەورۆز دەکەن. "نەورۆزی 2025 بۆ ئێمە گرنگییەکی مێژوویی هەیە، چونکە بەڕێز ئۆجەلان بە بانگەوازێکی مێژوویی بە سیستمی تاکڕەوی، کەللەڕەقی، رەتکردنەوەی کورد و داننەنان بە مافی یەکسانیی هاووڵاتیبوونی عەلەوییەکانی گوت؛ بگۆڕێ و بەدیموکراسی بە".
باکرهان هەروەها رووی دەمی لە دەسەڵات کرد کە بەردەوامە لە دانانی قەییوم لەسەر شارەوانییەکانی دەم پارتی و گوتی: "دەرگای دیموکراسیی واڵاکرد. ئیدی لەڕێی قەییوم، دەستگیرکردن، دەستبەسەرکردن و زەوتکردنی ویستی خەڵک، هیچ کەسێک ناگاتە هیچ کوێ".
باکرهان هەروەها سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ گوتی: "پێویستە تورکیا دەربچێت لەوەی بە وڵاتی ئۆپەراسیۆنەکان ناوببرێت. نابێت دادگە وەکو داردەست بەکاربهێندرێت. دەمانەوێت رایبگەیێنین کە پشتیوانی بەڕێز ئیمامئۆغڵو دەکەین. ئێمە زۆرمان لە دەست ئۆپەراسیۆنی سڤیل چەشتووە".
هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها رایگەیاند، لەبەر ئەو ئۆپەراسیۆنە سڤیلانەیە کە دەمیرتاش و هاوڕێکانی لە ژوورەوەن، رووی دەمی کردە ئاکپارتی و جەختیکردەوە کە ئەو رێگەیەی گرتوویانەتە بەر، رێگەیەکی راست نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ