لە سلێمانی بەشێک لە خانەنشینان دەتوانن بە سیستمی ئەلیکترۆنی مووچە وەربگرن

23-02-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی دەڵێت، نزیکەی 50 هەزار خانەنشینی شارستانی لە بانکەکەیان مووچە وەردەگرن، لەو ژمارەیە نیوەیان دەتوانن لە ئەمڕۆوە بە سیستمی ئەلکترۆنی لە رێگەی نووسینگەکانیان لە سێ مۆڵەوە مووچەکانیان وەربگرن.
 
رۆژی پێنجشەممە 23-02-2023 شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "50 هەزار خانەنشینی شارستانی لە بانکی مەڵکەندی مووچە وەردەگرن، بانکەکەمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی مووچەی نیوەیانی کردووەتە ئەلیکترۆنی و دەتوانن لە ئەمڕۆوە بە سیستمێکی ئەلکترۆنی مووچەکانیان وەربگرن."
 
ساڵی رابردوو لە سلێمانی لە نۆرەی وەرگرتنی مووچە بەهۆی قەرەباڵخییەوە سێ خانەنشین گیانیان لەدەستدا، سیستمی ئەلکترۆنی بۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان بە گوتەی شۆخان عومەر، بۆ ئەوەیە قەرەباڵخی دروست نەبێت و ئەو رووداوانەی رابردوو دووبارە نەبنەوە.
 
بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، "بڕیارە مووچەی سەرجەم خانەنشینان بە شارستانی و سەربازیشەوە بکرێتە ئەلیکترۆنی و لە رێگەی نووسینگەکانمان لە پێنج مۆڵی شاری سلێمانی مووچەکانیان وەربگرن، بەڵام بەشێکیان رێکاری کارگێڕییان تەواو نەبووە و دوای تەواوبوونیان هەموویان دەتوانن بە ئەلیکترۆنی مووچە وەربگرن."
 
لە سلێمانی نزیکەی 140 هەزار خانەنشینی شارستانی و سەربازی هەن. شۆخان عومەر دەڵێت، "وەکو دەستپێک خانەنشینانی شارستانی دەتوانن لە رەند گەلەر، سیتی سەنتەر و ئازادی مۆڵ مووچەکانیان وەربگرن، ماوەیەکی دیکە نووسینگەمان لە دوو مۆڵی دیکە دەبێت و ناوەکانیان بڵاودەکەینەوە و دەتوانن لەو مۆڵانەش مووچە وەربگرن."
 
رۆژی شەممە 18-02-2023 هونەر جەمال، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان بە سیستمی ئەلکترۆنی لەسەر راسپاردەی وەزیری دارایی و ئابووری و لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
 
سیستمی ئەلیکترۆنیی بانکیی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی دەستی بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە کردووە، بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو بانکی ناوەندیی هەرێم لە هەولێریش نووسراوی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، تێیدا پلانی خۆیان خستووەتەڕوو بۆئەوەی ئەوان مووچەی سەرجەم فەرمانبەران بە ئەلیکترۆنی بکەن، بۆ ئەوەش چاوەڕێی وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیرانن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە