نرخی کارتۆنێک هێلکە لە سلێمانی بۆ 64 هەزار دینار دابەزی

23-01-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی کارتۆنێک هێلکە لە سلێمانی لە 79 هەزار دینارەوە بۆ 64 هەزار دینار دابەزی. بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، "نرخی مریشک و هێلکە جێگیر نییە، چونکە سێکتەرەکە رێکنەخراوە؛ بۆیە بەردەوام گۆڕانکاری لە نرخیان روودەدات."
 
رۆژی دووشەممە 23-01-2023، سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ماوەی رابردوودا نرخی کارتۆنێک هێلکە کە 12 تەبەقەی تێدایە تاوەکو 79 هەزار دینار بەرزبووەوە، بەڵام ئێستا نرخەکەی بۆ 64 هەزار دینار دابەزیوە."
 
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی سلێمانی گوتیشی، "ئێستا نرخی کیلۆیەک مریشک 2500 دینارە، لە کاتێکدا پێشتر بۆ 4500 دینار بەرزبووەوە. نرخی مریشک و هێلکە جێگیر نییە، چونکە سێکتەرەکە رێکنەخراوە. ئێستا کە نرخی مریشک دابەزیوە پەلەوەرخانەکان زەرەر دەکەن، چونکە 3000 هەزار دینار لەسەر خۆیان دەکەوێت."
 
لە هەولێر نرخی کارتۆنێک هێلکە بە 74 هەزار دینارە. فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جیاوازیی نرخ لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە پەیوەندیی بە خواست و ئەو بەرهەمەوە هەیە کە دەخرێتە بازاڕەوە. بۆیە نرخ لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە جیاوازە. بۆ نموونە، سلیمانی رۆژانە پێویستی بە 2200 کاتۆن هێلکەیە، هەولێر پێویستی بە نزیکەی 2500 کارتۆنە. ئیدی بەگوێرەی ئەو پێویستییە چەند بخرێتە بازاڕەوە کاریگەریی لەسەر نرخ دەبێت."
 
لە هەرێمی کوردستان 33 پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن؛ 15 پرۆژە لە سنووری پارێزگای هەولێرن؛ 11 پرۆژە لە سلێمانی؛ 5 پرۆژە لە دهۆک و دوو پرۆژەش لە گەرمیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە