رووداو - بەردەڕەش
ساڵی رابردوو زیاتر لە 19 هەزار کەس لە رۆژئاوای کوردستانەوە وەکو پەنابەر روویان لە کەمپی بەردەڕەش کرد، هەندێکیان ماوەی سێ مانگە ناوی خۆیان نووسیوە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەڵام رەزامەندییان بۆ نەکراوە، ئەو رێکخراوەی سەرپەرشتییان دەکات دەڵێت، ئەوان ناوەکانیان ناردووە بۆ هەولێر و هیچ بڕیارێکی راگرتن نییە، بەڵام هەندێکجار رێکارەکانی بەڕێکردنی کارەکان رادەوەستن.
عەبدولمەجید خەڵکی سەرێ کانی-یە لە رۆژئاڤای کوردستان، زیاتر لە ساڵێکە لەگەڵ خێزانەکەی لە باشووری کوردستان پەنابەرن، سێ مانگە ناوی خۆی نووسیوە بۆ گەڕانەوە، بەڵام هێشتا ناوی نەهاتووەتەوە، داوادەکات بگەڕێتەوە حەسەکە و لەوێ دەست بە کارکردن بکات.
عەبدولمەجید دەڵێت، راستە سەرێ کانی وێران بووە، بەڵام دەیەوێت بگەڕێتەوە حەسەکە و لەوێ کارێک بکات، دوکانێک دابنێت و داهاتێکی هەبێت.
نزیکەی سەد کەس ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ گەڕانەوە، چاوەڕێن رەزامەندییان پێبدرێت بگەڕێنەوە، یەکێک لە ئاوارەکان باس لەوە دەکات، دوو مانگە ناوی خۆیان نووسیوە و نە پێیان دەڵێن بڕۆن و نە دەڵێن مەڕۆن، ئەوانیش دەیانەوێت بۆڕنەوە. ناوی ئەو کەسانە نێردراون بۆ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ بەمەبەستی رێکخستنی کاروبارەکانیان بۆ گەڕاندنەوەیان.
هوشەند محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت "رێوشوێنی پێویستمان گرتوونەتهبهر، ناوهكانمان بهدهست گهیشتوون و لهگەڵ لایهنه پهیوهندیدارهكان تهنسیقیان بۆ دهكهین، لهگهڵ كۆمیسیۆنی پهنابهران تهنسیقهكه تهواو ببێت ئاسانكارییان بۆ دهكهین بگەڕێنهوه، هیچ بابهتی رێگریكردن نییه له گهڕانهوه، بابهتهكە تهواوكردنی پرۆسهكهیه".
لە ساڵی 2019دا 19 هەزار و 73 پەنابەری رۆژئاڤای کوردستان چوونە کەمپی بەردەڕەش، لەو ژمارەیەش تەنیا سێ هەزار و 682 پەنابەریان گەڕاونەتەوە رۆژئاڤای کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ