سوپای پاسداران داوا لە هاونیشتمانییان دەکات لە بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوور بکەونەوە

22-11-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، قۆناخێکی نوێی هێرشەکانیان بۆسەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو باشووری کوردستان دەستیپێکردووە. 
 
رۆژی سێشەممە 22-11-2022، محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، قۆناخێکی نوێی ئۆپەراسیۆنی سوپای وڵاتەکەی بۆسەر پێگە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان دەستیپێکردووە. 
 
محەممەد پاکپوور دەڵێت، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیاندا ئەمڕۆ هێرشکراوەتە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی پارتی ئازادیی کوردستان - پاک لە سنووری پردێ و دەشڵێت، لەو هێرشەدا مووشەکی زیرەک بەکارهێندراوە و "ئامانجەکان بە تەواوی پێکراون." 
 
فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران هەروەها دەڵێت: "تاوەکو نەمانی هەڕەشە لەسەر ئێران و چەکداماڵینی ئەو گرووپانە، هێرشەکان بەردەوام دەبن" و داواش لە هاونیشتمانییان دەکات لە بنکە و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو هەرێمی کوردستان دووربکەونەوە.
 
کاوە بەهرامی، بەرپرسی دەزگای فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: 43 ساڵە ئێران داوای چەککردنی ئێمە دەکات و هەڕەشە دەکات، ئێستا کە خەڵک رژاونەتە سەر شەقام دیسان ئەم داوایانە دەکەنەوە، بەڵام ئێمە هەرگیز ناچینە ژێرباری ئەو جۆرە داواکارییانە. 
 
کاوە بەهرامی گوتی: ئێران کەوتووەتە بە تووڕەیی خەڵک و چاوی بینایی نادات پرسی کورد ببینێت و دوژمنایەتی قووڵی لەگەڵ هەر چوار پارچەی کوردستان هەیە، سەرکەوتنی کورد بە لەمپەر لە بەردەم خۆیدا دەزانێت.
 
لەبارەی بۆردوومانەکانیشەوە، بەرپرسی دەزگای فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گوتی، "هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، ئێران سەرەوەرییەکەی پێشێلکردووە، پێمانوایە دەبێ عێراق هەڵوێستی هەبێت. ئێمە لەبەر هەرێمی کوردستان دەستمان پاراستووە، بەڵام بگاتە رادەی خۆی، ئێمەش هەڵوێستمان دەبێ." 
 
درەنگی شەوی یەکشەممە و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و جێژنیکان، حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە زڕگوێز و پارتی ئازادی کوردستان لە پردێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە