گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن ئێرانەوە بەشێکی قەڵادزێی بێ ئاو کردووە

22-08-2023
ئەبوبەکر ئیسماعیل
دیمەنێکی زێی بچووک
دیمەنێکی زێی بچووک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زێی بچووک، کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی دەربەندی رانیە و یەکێک لە سەرچاوەکانی بەنداوی دووکانە، بەهۆی گرتنەوەی بەنداوی کۆڵەسەی سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، قەڵادزێی بێ ئاو کردووە.
 
جووتیارێک کە ساڵانە بۆ ئاودانی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکانی پشت بە ئاوی زێی بچووک دەبەستێت، دەڵێت، بەهۆی گرتنەوەی ئاوەکەوە لە لایەن ئێرانەوە، لە کاتی پێگەیشتنی بەروبوومەکانیدا زیانێکی زۆر دەکات. 
 
حەسەن ئیبراهیم، جووتیار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەیە 15 کەسن لە خێزانێکدا و ژیانی لەسەر ئەوەندەیە و مووچەیان نییە. ئەوە ژیان و عومری ئێمەیە، شەو و رۆژ لێرەم، خۆمان پێوە گرتووە و کاسبیەکە هەمووی وشک بوو."
 
ئیدریس قادر، جووتیارێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "بیرمان لێداوە لەسەر زێی بچووک وشک بووە، کەمێک سرۆلی ماتۆڕەکە زیاد بکەم ئاوەکە وشک دەبێت."
 
پڕۆژەی ئاوی خاسە لەسەر زێی بچووک 98٪ـی پشت بە ئاوی زێیەکە دەبەستێت، ئاو بۆ نزیکەی 18 هەزار هاوبەش لە قەڵادزێ دابین دەکات، بەڵام بەهۆی گرتنەوەی ئاوەکەوە لە 10 رۆژی رابردوودا، گرفت لە پڕۆژەکەدا دروستبووە.
 
مارف مەحموود، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خاس گوتی، "هیچ ئاوێک لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە نایەتە باشوور، ئەوەی هەیە چەند کانیاوێکی ناوخۆن کۆدەکرێنەوە و پشتیان پێ دەبەسترێت."
 
ئێران لە ساڵی 2017ـەوە بەنداوی کۆڵەسەی لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر زێی بچووک دروستکردووە، بەمەش رێژەی ئاوەکەی لە باشووری کوردستان بۆ نزیکبوونەوە لە وشکبوون کەمی کردووە.
 
ئەبوبەکر بایز، قایمقایمی قەزای پشدەر باسی لەوە کرد، "ئەوەی لەسەر ئێمەیە لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین قسەمان کردووە، ئەوانیش لەگەڵ ئێرانییەکان لەسەر خەتن، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە."
 
بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەم ئاوی لە باشووری کوردستان، 10 ساڵە بڕیار دراوە بەنداوی دەڵگە لەسەر زێی بچووک بە بڕی 600ملیۆن دۆلار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دروست بکرێت، بەنداوەکە 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی بەرپرسیار لەبارەی سەگی هار

ئەنجوومەنی باڵای فەتوا: لەناوبردنی سەگی هار رێگەپێدراوە

منداڵێک لە کەرکووک بەهۆی پەلاماردانی کۆمەڵێک سەگی بەرەڵڵا، گیانی لەدەستدا. قایمقامییەتی کەرکووک لە رێگەی دوو لیژنەوە کار لەسەر سەگی بەرەڵڵا دەکات و دەڵێت "ئەو سەگەی پەلاماری منداڵەکەی دا، لەنێوبرا." ئەنجوومەنی باڵای فەتواش لەسەر کوشتنی سەگی زیانبەخش و هار دەڵێت "رێگەپێدراوە".