کوردستان
هیومان رایتس وۆچ: نەیتوانیوە رێکاری پێویست بگرێتەبەر تاوەکو قوربانییانی سڤیل کەمبکاتەوە وێنە: ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر گرووپی چەکداریی پژاک لە هەرێمی کوردستان قوربانیی سیڤیلیان لێکەوتووەتەوە، ئاماژە بەوەش دەکات کە "نەدەبوو چەکدارەکان ژیانی سیڤیلەکان بخەنە مەترسی".
هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، "لە هێرشەکەی رۆژی 25ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەندامێکی پارتی ژیان و ئازادیی کوردستان (پژاک) کوژراوە و سێ چەکداری دیکەش بریندار بوون. بەڵام هەمان هێرش بەلای کەمەوە بووەتە هۆی برینداربوونی شەش کەسی سڤیلی دیکە و وێرانبوونی ناوچەی گەشتیاریی کونەماسی لە ناوچەی شارباژێری هەرێمی کوردستان".
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە داوە، تورکیا لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە هەرێمی کوردستان "نەیتوانیوە رێکاری پێویست بگرێتەبەر تاوەکو قوربانییانی سڤیل کەمبکاتەوە".
بەلقیس ڤیلە، گەورە لێکۆڵەر لە بواری قەیران و ململانێکان لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر پێگەکانی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن لە ناوچەیەکی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان بوونە هۆی برینداربوونی خەڵکی سیڤیل بەشێوەیەکی سەخت و ئەگەری برینداربوونی ژمارەیەکی زیاتری خەڵکی سیڤیلی زۆرتر هەبووە.
بەلقیس ڤیلە ئەوەی خستەڕوو، لە کاتێکدا نەدەبووایە چەکدارەکان ژیانی سڤیلەکان بخەنە مەترسییەوە، هاوکات پێویستە تورکیا هەموو رێکارێكی پێویست بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان لەسەر ژیانی خەڵکی سڤیل بگرێتەبەر.
لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا بەهۆی تۆپباران و بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و ئێرانەوە سەدان هێکتار زەوی و رەزی گوندنشینان سووتاون و زیاتر لە 15 هاونیشتمانیی سڤیل گیانیان لەدەستداوە.
پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) لەبارەی هێرشەکەی کونەماسی رایگەیاند، گەریلایەکیان کوژراوە و سێ گەریلای دیکەشیان بریندارکراون.
لە رۆژی 2020/06/10 بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا لە سنووری شیلادزێ و کانی ماسێ پێنج هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا.
رۆژی 15ی حوزەیران وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی چڕنووکی هەڵۆ بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان راگەیاند و دواتریش ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی بە ناوی چنگی پڵنگ لە ناوچەی حەفتانین دەستپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ