رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق دەنگدان بە پڕۆژەیاسایەک دوا دەخات بۆ گەڕاندنەوەى زەویوزار و موڵکى زیانمەندانی هەشت بڕیارى دەسەڵاتى پێشوو، کە زۆرینەیان پەیوەندیدارن بە هاونیشتیمانییانى کورد لە کەرکووک.
لیژنەى یاسایی پەرلەمان، دەیەوێت ئەو بڕیارانەش زیاد بکات، کە بەهۆیەوە هاووڵاتییانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق زیانمەند بوون.
دەنگدان بەو پڕۆژەیاسایە یەکێک بوو لە بڕگەکانى کۆبوونەوەى پەرلەمان لە 22ـی ئایار، پڕۆژەکە بە ناوى "گەڕاندنەوەى ئەو موڵکانە بۆ خاوەنەکانیان، کە بە هەشت بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە، دەستیان بەسەردا گیراوە."
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: دواخستنى دەنگدانەکە بەهۆى داواکاریى هەندێک لە پەرلەمانتارانەوە بوو بۆ قەرەبووکردنەوەی هاوشێوە لە چەند ناوچەیەکى ناوەڕاست و باشوور، لەوانە قەزاى دوجێل لە سەلاحەدین و پارێزگای بەسرە.
پڕۆژەیاساکە لە پێنج مادە پێکهاتووە، بۆ گەڕاندنەوەى ئەو موڵکانەیە، کە بەگوێرەى ئەو بڕیارانە لەنێوان ساڵانى 1975 بۆ 1979 داگیرکراون. زۆرینەیان پەیوەندیدارن بە زەوییە داگیرکراوەکانى کورد لە کەرکووک، بەشێک لە بڕیارەکان زەویى تورکمان دەگرێتەوە، کە دراونەتە عەرەبی هاوردە. سەباح حەبیب دەڵێت "لیژنەى یاسایی بڕیارەکانى پەیوەندیدار بە ناوەڕاست و باشوور بۆ پڕۆژەیاسایەکە زیاد دەکات و، بڕیاردرا لە نزیکترین کاتدا دەنگى لەسەر بدرێت."
مەرج داندراوە بۆ گەڕاندنەوەى ئەو زەوییانە؛ نابێت ئەوانە بن کە درابنە وەزارەتەکانى بەرگرى و نەوت، یان بۆ سوودى گشتى بەکارهێندرابن، ئەوە جگە لەو زەویانەى لەلایەن دەستەى کێشە موڵکدارییەکانەوە بڕیار لەبارەیانەوە درابێت، یان ئەو زەوییانەى بەگوێرەى یاسای قەرەبووى موڵکوماڵى زیانلێکەوتووانى ساڵى 2010 قەرەبوو کراونەتەوە.
کەریم شوکر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى پارێزگاى سەلاحەدین بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "هەندێک لەو زەویانەى داگیرکراون، پڕۆژەیان لەسەر دروستکراوە، ئەوانە ناتوانرێت بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان و بە زەویى دیکە قەرەبوو دەکرێنەوە، بەڵام ئەو زەوییانەى پڕۆژەیان لەسەر نییە، پێیان دەدرێتەوە."
یەکێکى دیکە لە مەرجەکانى گەڕاندنەوەى ئەو موڵکە داگیرکراوانە ئەوەیە، خاوەنەکەى لە سەردەمى دەسەڵاتى رژێمى پێشوو قەرەبوو نەکرابێتەوە، بۆ ئەوە پێشنیازێک کرا بۆ چارەسەرکردنى.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دوو پێشنیاز بۆ پڕۆژەیاساکە زیاد کراون، تەنیا دەنگ بە مادەى یەکەمى درا.
یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەیە؛ ئەو کەسانەى بە زۆرەملێ قەرەبوو کراونەتەوە، پارەکەى لە ساڵى قەرەبوو کردنەوەکە بە نرخى ئاڵتوونى ئەو کاتە بخەمڵێندرێت کە چەندى کردووە، بۆ وەرگرتنەوەى زەوییە داگیرکراوەکەى هەمان بڕە ئاڵتوون بداتەوە حکومەت، پێشنیازى دووەم هەڵوەشاندنەوەى ئەو هەشت بڕیارە بووە لە برى تەنیا قەرەبووکردنەوە.
تەنیا بڕیارى 369ـى ساڵى 1975 کە یەکێکە لەوانەى قەرەبووەکە دەیانگرێتەوە، 130 هەزار دۆنم زەویى جووتیارانى کورد دەگرێتەوە.
بەپێی پڕۆژەیاساکە ئەو عەرەبە هاوردانە قەرەبوو دەکرێنەوە، کە بەو هەشت بڕیارە زەویی کورد و تورکمانیان پێدراوە و لێیان وەردەگیرێتەوە.
ئەگەر کەسى زەرەرمەند (عەرەبی هاوردە) لە کاتى دەرچوونى بڕیارەکان لە کەرکووک بووبێت، جارێکى دیکە گرێبەستى زەویى کشتوکاڵى لەو شارە بۆ دەکرێت و بە زەوییەکى دیکە قەرەبوو دەکرێتەوە.
هەر عەرەبێکى هاوردە کاتى دەرچوونى ئەو بڕیارانە نیشتەجێى کەرکووک نەبووبێت، بەگوێرەى ئەم یاسا نوێیە لە زێدى پێشووى بەر لە چوونى بۆ کەرکووک قەرەبوو دەکرێتەوە. سەرچاوەیەکى یاسایی ئاگادار بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەوانەى دواى هەشت بڕیارەکە زەویى کورد یان تورکمانیان داگیرکردووە، دەبێت لەو شوێنە بە پێدانی زەوی قەرەبوو بکرێنەوە کە لێى لەدایک بوون".
بەگوێرەى بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە ساڵى 2012، ئەو هەشت بڕیارە بە تەواوى هەڵوەشێندراونەتەوە، لە ساڵى 2015 وەک پڕۆژەیاسا لە پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى دووەمی بۆ کراوە، بەڵام پەسند نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ