رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بۆ ماوەی یەک رۆژ و بەهۆی نەورۆزەوە هاتووچۆی بازرگانی لە دەرگەیەکی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران راگیرا، گوتەبێژی دەروازەکە دەڵێت، ئێستا هاتووچۆی بازرگانی دەستیپێکردووەتەوە.
لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دوو رێڕەوی بازرگانی هەن. لە رێگەی یەکەمیانەوە بارهەڵگری بەتاڵ دەچنە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئەوەی کاڵا و شتوومەک لێیەوە بهێندرێتە هەرێمی کوردستان. رێگەی دووەم ترانزێتە و وڵاتانی سێیەم لە رێگەی ئێرانەوە کاڵا و شتوومەک دەهێننە نێو هەرێمی کوردستان. بەهۆی نەورۆزەوە دوێنێ سێشەممە هاتووچۆی بازرگانی لە رێگەی یەکەم راگیرا.
رۆژی چوارشەممە 22-03-2023، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە رووداوی گوت، هاتووچۆی بازرگانی لە حاجی ئۆمەران دەستیپێکردووەتەوە و ئێستا جموجووڵی بازرگانی لە هەردوو رێگەکەوە هەیە.
دوێنێ لە حاجی ئۆمەران بەفرباری، بەڵام سیروان حوسێن دەڵێت، بەفرێکی هێندە زۆر نەبوو رێگە لە هاتووچۆ بگرێت و گوتیشی: "ئێستا کەشوهەوا باشە؛ بەفربارین نییە؛ هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانیش هەیە."
رۆژی 29-12-2022، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازیی هەرێمی کوردستان گوتی، لە ساڵی 2022دا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان نزیکەی 16 ملیار دۆلار بووە و زۆرینەی ئەو بازرگانییە لەگەڵ تورکیا بووە و دواتر ئێران.
زۆرترین بازرگانیش بە پلەی یەکەم لە رێگەی هەر چوار دەروازەی نێودەوڵەتیی (ئیبراهیم خەلیل، باشماخ، حاجی ئۆمەران، پەروێزخان)ەوە کراوە، پاشان فڕۆکەخانەکانی (هەولێر و سلێمانی).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ