رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە رەتیکردەوە شەوی نەورۆز لەنێوان خەڵک و هێزەکانی پۆلیس لە شاری سەقز گرژی دروستبووبێت و دەڵێت: "دژبەرانی کۆماری ئیسلامی ڤیدیۆیەکی کۆنیان بڵاوکردووەتەوە و هەوڵیانداوە خەڵک هەڵخەڵتێنن."
عەلی ئازادی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە هەر جۆرە "نائەمنی، ئاژاوەگێڕی و پێکدادانێکی چەکداری" لە شاری سەقز رەتکردەوە و رایگەیاند: "ئەو ڤیدیۆ و هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێنەوە" و دەگوترێ لە شاری سەقزدا "گرژی لە نێوان خەڵک و پۆلیسدا روویداوە، راست نین."
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی شەوی نەورۆز لە شاری سەقز بڵاوبوونەوە، لە گەڕەکی کەریماوا گرژی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و هاونیشتمانیان دروستبوو و دەنگی تەقە دەبیسترێت. هاونیشتمانییەکیش بەهۆی تەقەوە بریندار بووە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە هۆشداری دەدات و دەڵێت، هەر کەس "هەواڵ و دەنگۆ" بڵاوبکاتەوە و بیەوێت "ئەمن و ئاسایشی گشتی و بیروڕای گشتی تێکبدات" رووبەڕووی دەبنەوە.
شاری سەقز لە پارێزگای سنە شوێنی لەدایکبوون و ژیانی ژینا ئەمینی بوو، ئەو کچە کوردەی لە نێوەڕاستی مانگی ئەیلوولی رابردوودا لە تاران گیانی لەدەستدا کە باوکی دەڵێت، دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا.
مەرگی ژینا ئەمینی خۆپێشاندانی لە سەقز دروستکرد و دواتریش ئەو خۆپێشاندانە زۆربەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ