رووداو دیجیتاڵ
ڤیدیۆیەکی 12 ساڵ لەمەوبەر، دەکرێتە سەرچاوە بۆ هەواڵێکی ساختە لەبارەی پەیوەندیی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) و هەرێمی کوردستان. ڤیدیۆکە لە دوای هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر وەک سەرچاوەیەک بەکاردێت، رووداو بە بەڵگەوە ئاشکرای دەکات کە ڤیدیۆکە و وەرگێڕانەکەی ساختەن.
لەو ڤیدیۆیەدا کە کەمتر لە خولەکێکە، پێشکێشکارێک دەردەکەوێت و بە زمانی عیبری قسە لەگەڵ پیاوێکدا دەکات. ڤیدیۆکە وەرگێڕانی ساختەی بۆ کراوە، لە راستیدا باسی نەشتەرگەریی لەیزەری چاوە، کەچی لە وەرگێڕانە ساختەکەدا وا نیشاندەدرێت باسی پەیوەندیی مۆساد لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن.
لە ژێرنووسە وەرگێڕدراوە ساختەکەی گرتە ڤیدیۆیەکەدا لەکاتی پرسیاری خانمە پێشکێشکارەکە دەنووسرێت "ئایا راستە مۆساد لە باکووری عێراق بەم شێوە گەورەیە هەن کە میدیا باسی دەکەن؟ لە وەڵامەکەشدا دیسان بە ژێرنووسی ساختەوە نووسراوە "مۆساد زۆر بەهێزەوە لە باکووری عێراق هەن، ئەمەش کارێکی سەیر نییە. ئیسرائیل لە هەموو ئاستێکدا بەشدارییەکی کارای هەیە، ئەمەش لەسەر داوای لایەنی کوردییە، بۆیە پێموایە دەبێ بوونمان بگاتە ئاستێک کە ئاشکرا و راشکاوانە بێت تا دەگاتە ئاستی دانانی نوێنەرایەتیی فەرمی لەنێوان ئیسرائیل و هەرێم"
ڤیدیۆکە دوای ئەوە لە سۆشیاڵ میدیاکان بڵاوکرایەوە کە ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری کورد لە هەولێر لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک بۆردوومان کرا، بەهۆیەوە پێشڕەو دزەیی، کچە تەمەن 11 مانگەکەی، هاوڕێیەکی بازرگانی و کارگوزارێکی ماڵەکەی گیانیان لەدەستدا. 16 کەسی دیکەش کە لە ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دزەیی، پاسەوان و خزمەتگوزارەکانی ماڵەکەی پێکدێن، بریندار بوون.
لە بەشی کۆتایی ڤیدیۆ ساختەکەدا پرسیاری پێشکێشکار بەمشێوەیە وەرگێڕانی بۆ کراوە "لە قسەکانتدا بۆم دەردەکەوێت؛ ئێران بارەگای مۆسادی بە ئامانج گرتووە؟" میوانەکەش دەڵێ "لە راستیدا لەسەر ئەم پرسە زانیاری تەواوم نییە."
بەڵام گفتوگۆی ئەو خانمە پێشکێشکارە و میوانەکەی، دوورە لە سیاسەت و هێرشەکانەوە؛ لە راستیدا گفتوگۆیەکی پزیشکییە و باسی نەشتەرگەریی چاو دەکات بە لەیزەر.
گوتەکانی پێشکێشکار و پزیشکەکە؛ ژێرنووسە راستییەکە بە کوردییە و ژێرنووسە ساختەکە بە زمانی عەرەبی بڵاوبووەتەوە
دەقی وەرگێڕانە راستییەکەی گوتەکان:
پێشکەشکار: دووبارە لێرەین لەگەڵ دەیڤد ئیسرائیل، لە سەنتەری تەندروستی چاو. سڵاو، و جارێکی دیکە پرسیاری چاوت لێ دەکەم. لە دوای ئەو هەموو ژیانە ئاگاداری تیشکی لەیزەر بین؟
دەیڤد ئیسرائیل: ئەو لەیزەرەی بەکاریدەهێنین بۆ نەشتەرگەریی چاو، جیاوازە لەوەی لە ژیانی رۆژانەماندا بەکاریدەهێنن وەک چارەسەرەکانی چاو بۆ نەخۆشانی شەکرە و گلۆکۆما. ئەو لەیزەرەی بۆ نەشتەرگەریی وازهێنان لە چاویلکە بەکاردەهێنرێت، لەیزەری ساردە.
پێشکەشکار: بەڵام با بڵێین لەدوای نەشتەرگەریی لەیزەر بیناییمان دوای چەند ساڵێک کێشەی تێکەوت. ئەوکاتە چی بکەین، پێویستیمان بە عەدەسە دەبێت؟
دەیڤد ئیسرائیل: با بەمشێوەیە بیڵێین، راستە...
پێشکەشکار: ئەمە روودەدات؟
دەیڤد ئیسرائیل: راستە.
ڤیدیۆکە کە ساڵی 2011 لە ئەکاونتێک لە پلاتفۆڕمی یوتووب بە ناونیشانی "لابردنی چاویلکە لەڕێگەی لەیزەرەوە لە سەنتەری پزیشکیی چاوی دکتۆر دەیڤ ئیسرائیل'' بڵاوکراوەتەوە، تاوەکو ئێستا واتا 12 ساڵە 769 کەس ڤیدیۆکەیان بینیوە. هەژمارەکەش لە ساڵی 2012ـەوە هیچ ڤیدیۆیەکی دیکەی بڵاونەکردووەتەوە.
لینکی ڤیدیۆکە لە سەرچاوە راستەقینەکەیەوە:
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە لەکاتێکدایە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەدوای بەئامانجگرتنی ماڵی پێشڕەو دزەیی، هەوڵی زۆر دەدات بۆ رای گشتیی نێوخۆ و نێودەوڵەتی بسەلمێنێت کە سەر بە مۆساد بووە، لە دوایین هەوڵیشیاندا وێنەیەکی پێشڕەو دزەییان بە فۆتۆشۆپ لەگەڵ حاخامێکی جوو پێکەوە لکاندووە و تۆمەتی ئەوەیان خستووەتە پاڵ کە لە رێگەی ئەو سەرمایەدارەوە نەوتی کوردستان بە ئیسرائیل فرۆشراوە.
فەیکنیوز - هەواڵی ساختە
هەواڵی ساختە یان بەلاڕێدابردنی هەواڵ بەمەبەستی پڕۆپاگەندە یان لەکەدارکردنی کەس و لایەنێک لەبەرژەوەندیی کەسانی دیکە لەماوەی ساڵانی رابردوودا و لەگەڵ زۆربوونی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا، زۆر بووە و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا و لەنێویاندا فەیسبووک زۆر هەوڵدەدەن رێگریی لێ بکەن.
نەوەک هەر لەو بابەتە و لە کوردستان، بەڵکو فەیک نیوز یان هەواڵی ساختە یەکێک بوو لەو بابەتانەی لەکاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2016 ئەمریکا بەهۆیەوە دەیناڵاند. ئەوکاتە پێگەی ئەلیکترۆنیی بەزفید لە شیکردنەوەیەکدا رایگەیاند هەواڵە سەرەکییە ساختەکان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، خەڵکی زیاتریان بەخۆیانەوە سەرقاڵ کردووە بەراورد بە هەواڵە راستەقینەکان.
هەروەها لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکدا کە لە ساڵی 2018 لە پەیمانگەی تەکنەلۆژیای ماساچوسس لە ئەمریکا کراوە، دەرکەوتووە هەواڵی ساختە زۆر خێراتر و بەربڵاوتر، بڵاودەبێتەوە بەراورد بە هەواڵی راست، هۆکارەکەشی جگە لەوەی پرۆگرامەکان یاخود ئەلگۆریزمی سۆشیاڵ میدیا دەبێتە هۆی ئەوەی هەر هەواڵێک خەڵک کاریگەر بوو پێی و کاردانەوەی بۆی هەبوو، زوو بچێتە بەردەم کەسانی دیکە، بەشێکی بۆ بەکارهێنەران دەگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ