رووداو دیجیتاڵ
لە روونکردنەوەیەکدا دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پەیجی دەستەکە لە فەیسبووک هاککراوە، سەرۆکی دەستەکەش دەڵێت، چەند بڵاوکراوەیەکیان لە پەیجەکەدا سڕاونەتەوە.
رۆژی هەینی 21-10-2022، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ماوەی سێ رۆژە پەیجەکە کێشەی هەیە، گومان هەبوو هاککرابێت، چەند پۆستێک سڕابوونەوە، لایەنی تەکنیکیمان گومانیان هەبوو لەلایەن تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە سڕابێتنەوە و گوتیان لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی، تاوەکو ئەمڕۆ بە بڵاوکردنەوەی نووسینێکی کورت دڵنیابووینەوە کە هاککراوە".
لە روونکردەوەیەکی دەستەکەدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە هاتووە: "ئەمڕۆ کاژێر 09:00ـی بەیانی پەیجی فەرمیی دەستەکەمان و ئەدمینی پەیجەکە لەلایەن دەستێکی نادیارەوە ھاککراون و لەژێر دەسەڵاتی ئێمە نەماوە". بۆیە دەستەکە هەموو لایەک ئاگادار دەکاتەوە، کە ھەر بابەتێک لەم پەیجەدا بڵاوکرایەوە ئەوان لێی بەرپرس نین.
لە روونکردنەوەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری لە پەیوەندیدان لەگەڵ کۆمپانیای مێتا بۆ گەڕاندنەوەی پەیجەکە.
بەگوێرەی ماڵەپەڕەکەیان، کارەکانی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بریتییە لە:
-بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری ههمیشهیی عێراق
-کۆکردنەوە و بە دۆکیۆمێنتکردنی بەڵگە و رووداوی مێژوویی پەیوەست بە ناوچە دابڕێنراوەکان
-بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە ناوچە دابڕێندراوەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەته پەیوەندیدارهكان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ