دوو گولـله هاوه‌ن له رۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه كه‌وتووه‌ته‌وه، خه‌ڵكی خۆیان ئاماده ده‌كه‌ن تاوه‌كو بچنه ناوچه‌یه‌كی ئارامتر، له‌گه‌ڵ وێنه‌گر و شۆفێره‌كه‌دا به‌نێو قامشلۆدا تێپەڕ ده‌بووین بۆ ته‌لته‌مر، دووكانه‌كان داده‌خرێن كۆڵانه‌كان چۆڵ بوونه، له‌و كاته‌دا دیمه‌نێك سهرتاباڵا دایتهكاندم، باوكێك له پێش ده‌رگا وه‌ستاوه و چاودێری دۆخهكهدهكات تاوەکو بزانێت چی رووده‌دات، كچهکەیشی كه ته‌مه‌نی له‌نزیكه‌ی حه‌وت ساڵ ده‌بوو له‌پشتی باوكییه‌وه سۆندهیهكی به‌ده‌سته‌وه‌یه و به‌رده‌رگای ماڵه‌كه‌ی ده‌شوات، دیمه‌نه‌كه وه‌كو فۆتۆیه‌كی وه‌ستاو تا ماوه‌یه‌كی زۆر له‌پێش چاوم مایه‌وه فۆتۆكه نه‌فره‌تى له‌جه‌نگ ده‌كرد.
ده‌یانجار سه‌ردانی قامشلۆم كردووه ئه‌و شاره‌ى كه هێنده‌ی كه‌ركووك شیرینه له‌دڵمدا، هیچ كات به‌و شێوه‌یه نه‌هاتووه‌ته پێش چاوم، بهخهیاڵیشمدا نه‌ده‌هات به‌و دۆخه بگات.
چه‌ند كاژێری دیكه ده‌گه‌ین به ته‌لته‌مر؟
شۆفێره‌كه: نزیكه‌ی سێ كاژێری دیكه.
بۆچی پێشوتر وانه‌بوو؟
ئێستا ناوچه سنوورییه‌كان شەڕی تێدایه و ناتوانین به رێگەی عامودادا بچین، ناچارین بچینه حه‌سه‌كه بهرێگەی نێوده‌وڵه‌تی ده‌چینه ته‌لته‌مر.
یه‌كه‌م دیمه‌ن كه له تهلتهمردا پێش چاوم كه‌وت ئاواره بوونی خه‌ڵكی سه‌رێ كانی بوو، هه‌ندێكیان ده‌چوونه حه‌سه‌كه، ئه‌وانه‌شی كه ده‌مانه‌وه په‌نایان دهبردە قوتابخانه‌كان، به‌شێكیان له‌نێو فولكه‌ی چونه ژووره‌وه‌ی ته‌لته‌مر كهباخچهیهكی بچووكی تێدابوو به ژن و منداڵه‌وه راكشابوون، بۆ خه‌می جێهێڵانی شار و زێدی خۆیان خه‌مگین و بێده‌نگ دانیشتبوون، ده‌نگی گریانی منداڵ تاده‌هات زیاتر ده‌بوو ئه‌وه ده‌نگی منداڵه برسییەكانی سه‌رێ كانیه كه شیر و خواردنیان نییه، تاوەکو ژیریان بكاته‌وه.
رۆژ بویه‌وه و یه‌كه‌م هه‌نگاوم ده‌مه‌وێت خۆم بگه‌یێنم به نێو شارۆچكه‌ی سه‌رێ كانی، 40 كیلۆمه‌تر له ته‌لته‌مره‌وه دووره، له‌خه‌ڵكی ده‌پرسم چۆن بتوانم بچمه نێو شارۆچكه‌كه‌وه، پێیان گووتم ده‌بێت پێش گه‌یشتنت به سه‌رێ كانی به 5 بۆ 10 كیلۆمه‌تر ئۆتۆمبیله‌كه‌ت دانێیت و به‌پێ بڕۆیت، دیمه‌نه‌كه‌م لا روون نه‌بوو، له‌گه‌ڵ شۆفێره‌كه به‌ڕێكه‌وتین پاش 35 كیلۆمه‌تر سه‌رێ كانیم لێ ده‌ركه‌وت، دیمه‌نی دووكه‌ڵى جه‌نگێكی مه‌زن دیاره، ده‌نگی ته‌قه و روبەڕووبونهوهكان ده‌بیسترێت، ده‌نگی دۆشكه زاڵتره، بێ گوێدان به‌قسه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه به ئۆتۆمبێل گه‌یشتین به ده‌روازه‌ی شاره‌كه، ده‌ستمان به‌وێنه‌گرتن كرد ئۆتۆمبێلی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی كرابووه ئامانج، له‌نێو شارۆچكه‌كه‌دا جگه له ده‌نگی فیشه‌ك هیچی دیكه نه‌ده‌بیسترا، زۆری نه‌برد دوو كه‌سی به‌ته‌مه‌ن كه‌لوپه‌له‌كانیان له‌نێو جانتایه‌ك خستبوو ده‌ركه‌وتن، لێیان نزیك بوومه‌وه پرسیاری رهوشهكهم لێ‌كردن پێیان گووتم فڕۆكه جه‌نگییه‌كان ده‌ست له كه‌س ناپارێزن، دیمهنهكانمان وێنه‌گرت سه‌رقاڵی خۆ كۆكردنه‌وه بووین تاوه‌كو بگه‌ڕێینه دواوه، له‌ناكاو ده‌نگی مووشه‌كی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانم به‌ر گوێ كه‌وت، پێموابوو ئامانجه‌كه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ئێمه‌یه، له ته‌نیشت خانوویه‌ك نزیك شه‌قامی سه‌ره‌كی شارۆچكه‌كه وه‌ستابووین، به‌ڕاكردن كامێرامانهكهش به‌دوامدا، خۆمان كرد به‌نێو دار زهیتوونهكاندا شۆفێره‌كه‌ش به‌لایه‌كی دیكه رایكرد.
موشه‌كه‌كه به‌دووری 70 مه‌تر له ئێمه‌وه خانوویه‌كی كردە ئامانج، زۆری نه‌خایاند ده‌نگی مووشه‌كێكی دیكه‌ی به‌دوایدا هات، پاش دوو چركه مووشه‌كی سێیه‌م جێگایه‌كی نزیكتری كرده ئامانج، هه‌ر زوو گه‌ڕاینه‌وه لای ئۆتۆمبیله‌كه شۆفێره‌كه‌ش گه‌رایه‌وه نازانم ئه‌و له‌كوێ خۆی حه‌شار دابوو، 20 كیلۆمه‌تر شارۆچكه‌كه‌مان به‌جێهێشت.
شۆفێره‌كه ره‌نگ و رووی لێ بڕابوو، منیش زۆر په‌شۆكابووم پێموانه‌بوو شه‌ڕه‌كه له‌و ئاسته‌دا بێت، هه‌ر به رووماڵی شه‌ڕی داعش لێم دەڕوانی واقیعه‌كه شتێكی دیكه‌بوو، له ساڵی 2016 له‌ژێر هێرشی فڕۆكه‌ی جه‌نگی رووسیا و سووریادا له حه‌له‌ب و ئیدلب رووماڵم كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی شه‌ڕی سه‌رێ كانی مه‌ترسیدار نه‌بوو.
ئۆتۆمبیله‌كه جێی هێشتوم و تاوەکو چاو بڕده‌كات جموجوڵ نابیندرێت، ته‌نها دووكه‌ڵی بۆردوومان به‌ئاسمانی شاره‌كه‌دا به‌رزده‌بێته‌وه، فڕۆكه جه‌نگییه‌كانیش چاودێری ناوچه‌كه ده‌كه‌ن، هه‌موو ئه‌م سهركێشییەی من له پێناو ئه‌وه‌دا بوو وێنه‌ی ئه‌و دیمه‌نانه بگرم كه خه‌ڵكی مه‌ده‌نین و به‌ر هێرشی فڕۆكه جه‌نگییه‌كان كه‌وتوون، كامێرامانم له‌گه‌ڵدانیه، دیمه‌نه‌كانیش ته‌نها به فۆتۆ ناگات و گومانی له‌سه‌ر دروستده‌كرێت، مۆبایله‌كه‌م ده‌رهێنا و به‌ڤیدیۆی سێڵفی تۆمارمكرد، به‌ته‌نیشتمه‌وه ده‌ستێك كه‌وتووه كه له ئانیشكییهوه بڕاوه، ده‌ستی یه‌كێك له‌و سێ كه‌سه‌یه كه له شه‌قامه‌كه‌ی به‌رامبه‌رم ته‌رمه‌كانیان كه‌وتووه، به‌په‌له گه‌یشتمه ئه‌وێ و ڤیدۆیه‌كی 52 چركهیم تۆماركرد، له ڤیدیۆكه‌دا ره‌نگه هه‌موو دیمه‌نه‌كان به ته‌واوی نه‌بیندرابێت، به‌ڵام دیمه‌نه‌كه به‌گشتی به‌م شێوه‌یه بوو كه سێ كه‌سی مه‌ده‌نی له‌سه‌ر ماتۆڕسكیلێك كرابوونه ئامانج، ره‌نگه ویستبێتیان بچنه نێو سه‌رێ کانی ـه‌وه بۆ هه‌واڵ پرسینی كه‌سوكاریان.
كاره‌كه‌م ته‌واوكرد بە راكردن شارۆچكه‌ی سه‌رێ كانی جێده‌هێڵم، جار جار دێمه‌وه سه‌ر شه‌قامه‌كه تاوه‌كو كه‌سێك ببینم، جارجاریش ده‌چمه‌وه نێو گه‌ڕه‌ك و پاڵ خانووه‌كان دوو كیلۆمه‌تر به راكردن به‌رده‌وام بووم، دواجار كه هاتمه‌وه سه‌ر شه‌قامه‌كه نزیكه‌ی 10 شه‌ڕڤانی هه‌سه‌ده‌م بینی.
ئه‌وه له كوێوه دێیت؟
له‌نێو سه‌رێ كانی.
تۆ لەنزیك بۆردومانه‌كه بویت؟
به‌ڵێ.
ویستیان پرسیاری دیكه‌م لێ بكه‌ن، به‌ڵام ده‌مم و قوڕگم وشكبووه، من زووتر پرسیم، ئاوی خواردنتان پێیه؟ خه‌ریكه ده‌خنكێم شه‌ڕڤانێك هه‌ندێ ئاوی پێدام تینوێتی نه‌شكاندم، به‌ڵام چونكه ئه‌وانیش ده‌یانویست بچنه به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ له رووم نه‌هات داوای ئاوی دیكه‌یان لێ بكه‌م، سوپاستان ده‌كه‌م.
به‌خێرهاتی زوو خۆت بگه‌یه‌نه به گونده‌كانی دواوه، نزیكه‌ی 200 مه‌ترێك رۆیشتم، دووكانێك شكێندرابوو، سێ عه‌ره‌ب وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌ریان كردبێته كه‌لاكی مردوو په‌یتا په‌یتا عه‌لاگه‌یان پڕده‌كرد.
ئه‌وه دووكانی كێیه؟
یه‌كێكیان ئاوڕی دایه‌وه، نازانم.
ئه‌ی ئه‌و شتانه بۆ ده‌به‌ن؟
برسیمانه و خواردن نییه.
له دووكانه‌كه‌دا گه‌ڕام تاوەکو ئاوی خواردنه‌وه‌م ده‌ستكه‌وێت، نه‌بوو، له تینوێتیدا ده‌ستم بۆ بیبیسییهك برد، تینوێتیم شكا، له پڕێكدا ئۆتۆمبێلێكی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی لەنێو سه‌رێ كانی به‌په‌له ده‌رچوو له ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌كه وه‌ستام و رێگەم لێگرت، به ناچاری وه‌ستا، خێزانێكی عه‌ره‌ب بوون، به‌زوویی خۆم هه‌ڵدایه پشتی ئۆتۆمبێله‌كه‌وه و گه‌یشتمه‌وه نزیکی ته‌لته‌مر.
رۆژی دواتر 200 ئۆتۆمبێل ئاماده‌كراون تاوه‌كو بچنه نێو سه‌رێ كانی ـه‌وه، دووه‌م ئۆتۆمبێلی ئه‌و كاروانه بووین كه به‌ڕێكه‌وت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه دۆخه‌كه‌م به‌چاوی خۆم بینیوه، بڕیارمدا له‌گه‌ڵ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌دا نه‌چینه نێو سه‌رێ كانی ـه‌وه و له ده‌روازه‌ی شاره‌كه چاوهڕێبكهین، به‌داخه‌وه هه‌ر كه ئۆتۆمبێلەکان گه‌یشتنه نێو سه‌رێ كانی، له‌لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگییەكانی توركیاوه كرانه ئامانج، 15 كه‌س شه‌هیدبوون و زیاتر له 100 كه‌سی دیكه برینداربوون.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌و مه‌ترسییانه، رۆژی دواتر له‌گه‌ڵ دانیشتوویهكی گه‌ڕه‌كی ته‌ل حه‌له‌ف چوومه نێو شارۆچكه‌ی سه‌رێ كانی ـه‌وه به‌ڵام زۆر به وریاییه‌وه وێنه و دیمهنهكانمان تۆماركرد، له‌به‌ر مه‌ترسی هێرشی فڕۆكه جهنگییەكان له‌لایه‌ك قه‌ناس بهدهستهكانیش له لایه‌كی دیكه، سه‌رێ كانی زۆرترین به‌رگری تێدا كرا، زۆرترین شه‌هید و برینداریش هه‌ر له‌و شارۆچكه‌یه‌وه بوو.
هونەر ئەحمەد لە بەرنامەی بێ‌ترس دۆخی سەرێ کانی باسدەکات:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ