رووداو دیجیتاڵ
هێزێکی چەکداری سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەچنە سەر هۆتێل گراند ملینیۆم [شاری جوان] لە سلێمانی، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری چوونیان بۆسەر هۆتێلەکە دیارنییە.
فارووق مەلا مستەفا، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و خاوەنی هۆتێلی گراند ملینیۆم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئاگادارنیم کە ئەو هێزە بۆچی هاتوونەتە سەر هۆتێلەکە، من کەمێک لەمەوبەر لە هۆتێلەکەم بووم و ئێستا گەڕاومەتەوە ماڵەکەم."
فارووق مەلا مستەفا، دەشڵێت "باوەڕناکەم هێزەکە بۆ دەستگیرکردنی من هاتبن."
کاژێر 00:30 خولەکی رۆژی هەینی 22-7-2022 پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لەبارەی ئەو هێزە چەکدارە زانیاریی زیاتری باسکرد و گوتی "پێش کاژێر 12:00 چەند ئۆتۆمبێلێکی کۆماندۆی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە ئۆتۆمبێلی جامڕەش پێکهاتوون، دەرگە سەرەکییەکانی پرۆژەی گراند ملینیۆم [شاری جوان]یان داخستووە و هێزێکیان جێگیرکردووە و هەرکەسێک دەچێتە هۆتێلەکە و یان دێتە دەرەوە لەوێ لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."
سەبارەت بەوەی کە گوایە ئەو هێزە 'بۆ دەستگیرکردنی فارووقی مەلا مستەفا و کوڕەکەی چوون'، پەیامنێری رووداو قسەی لەگەڵ فارووق مەلا مستەفا کردووە و پێی راگەیاندووە کە ئەویش نازانێت ئەو هێزە بۆچی چوونەتە لای هۆتێلەکە. فارووق مەلا مستەفا دەشڵێت "ئێمەش پرسیار دەکەین کە بۆچی ئەو هێزە لێرەن و دەیانەوێت چی بکەن." ئەوەیشی گوت کە "رەتیدەکەمەوە کە ئەو هێزە بۆ گرتنی من یان کوڕەکەم هاتبن."
پەیامنێری رووداو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی کە ئەمشەو لە هۆتێلەکە ئاهەنگ هەبووە و لەگەڵ چەند کەسێک قسەی کردووە، گوتیان کە چوونەتە هۆتێلەکە هیچ هێزێکی لێ نەبووە، بەڵام لە کاتی چوونە دەرەوەیان هێزێکی دەمامکدارییان بینیوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کردوون و سەیری نێو ئۆتۆمبێلەکانیان کردوون.
لە دوای رووداوەکانی 8ی تەمووزی نێوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمە یەکەمجار نییە کە هێز دەچێتەسەر ئەو کۆمپانیا و شوێنانەی کە نزیکن لە فارووقی مەلا مستەفا یان هی فارووقی مەلا مستەفان.
رووداو پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی کرد، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێکی فەرمیان لەبارەی چوونی ئەو هێزە بۆ هۆتێلەکە نەداوە. هێزەکەش تاوەکو نزیک کاژێر 1:00 لە شوێنەکە بوون.
سەرچاوەیەک لە هێزەئەمنییەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزەکە "بۆ دەستگیرکردنی کەسێک چوون کە تۆمەتبارە بە کوشتنی هاووڵاتییەک و فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە."
بەگوتەی پێشەوا بەختیار، ئەو هێزەی لەوێ دەبینرێت چەکی قورسیان پێنییە، بەڵام تەنیا لە یەک دەرگایان شەش ئۆتۆمبێل دەبینرێت و لە دەرگاکانی دیکەش ئۆتۆمبێلی دیکە هەن "هێزەکانیشم بە چاوی خۆم بینی کە ئۆتۆمبێلی هێزەکانی کۆماندۆ بوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ