رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کارکردن لە دووسایدی دەربەندیخان-کەلار بەردەوامە و 92٪ـی پڕۆژەکە تەواو کراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ 99٪ـی کارەکانی تەواو دەکرێن''.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-11-2024، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دووسایدی دەربەندیخان- کەلار قسەی کرد و رایگەیاند، ''بە خۆشحاڵییەوە 92٪ـی پڕۆژەکە تەواو کراوە و کارەکانی زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن''.
دانا عەبدولکەریم گوتی، ''کواڵیتیی پڕۆژەکە لە ئاستێکی بەرزدایە و یەکێک لە نایابترین پڕۆژەکانی رێگەوبانە لە هەرێمی کوردستان''.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ساڵ 99٪ـی پڕۆژەکە تەواو دەکرێت و گوتی، ''لەوانەیە هەندێک وردەکاریی کەمی بمێنێتەوە، ئەگەرنا تاوەکو کۆتایی ساڵ پڕۆژەکە تەواو دەبێت و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییانەوە.''
پرۆژەی دوو سایدی دەربەندیخان - کەلار درێژییەکەی 41 کیلۆمەترە و ئیدارەی گەرمیان بە پارێزگای سلێمانییەوە دەبەستێتەوە.
دانا عەبدولکەریم لەبارەی رێگەی گوندەکانی زەلەڕەش، بەردەکەڕ و ناوتاق کە سەر بە قەزاکانی شارەزوور و دەربەندیخانن دەڵێت، نزیکەی 35٪ـی پڕۆژەکە جێبەجێکراوە و تاوەکو کۆتایی مانگ، رێژەی جێبەجێکردنی دەگاتە 50٪.
رێگەکە 22 کیلۆمەترە و زیاتر لە حەوت ملیار و 404 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە کە بە تەواوکردنی، ئاسانکارییەکی باش بۆ هاتووچۆی بەشێک لە گوندنشینانی شارەزوور و دەربەندیخان دەکرێت.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە باسی لە دروستکردنی رێگەی دووسایدی کەلار-پەروێزخانیش کرد و گوتی، ''پڕۆژەکەمان ناردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و رەزامەندیی سەرەتایی لەسەر دراوە، بەڵام پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی نوێی دەرخستەکەی هەیە، ئەویش تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە تەواو دەبێت''.
بەگوتەی دانا عەبدولکەریم، ساڵی داهاتوو پڕۆژەی دووسایدی نێوان کەلار-پەروێزخان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رێگەی نێوان کەلار پەروێزخان، رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە هەرێمی کوردستان و عێراق دەبەستێتەوە.
دانا عەبدولکەریم پردی ئاوەخێرەی نێوان کەلار و دەربەندیخانی بە ''درێژترین پردی هەرێمی کوردستان'' ناوبرد و ئاماژەی دا، نزیکەی 99٪ـی کارەکانی پردەکە تەواو بووە.
پردی ئاوەخێرە بەشێکە لە پڕۆژەی رێگەی دووسایدی نێوان دەربەندیخان کەلار کە درێژییەکەی هەزار و 200 مەترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ