رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوایین رۆژ بۆ رادەستکردنی بڕی یەکەمی پارە لەو کەسانەی ناویان بۆ حەج دەرچووە 12ی ئەم مانگەیە.
سەرەتا 3ی مانگ بۆ پێدانی ئەو پارەیە دیاریکرابوو، بەڵام دواتر بەڕێوهبهرایهتیی گشتیی حهج و عومرهی ههرێمی كوردستان گوتی، "وهرگرتنی گوژمهی یهكهمی پارهی حاجیان تاوهكو 12ـی ئەم مانگە درێژکرایەوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە 10 تشرینی دووەم، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو 12 ئەم مانگە هەر کەسێک گوژمەی یەکەمی پارەکە رادەست نەکات، کەسێکی یەدەگ بەگوێرەی ریزبەندی دەخرێتە شوێنەکەی".
کاروان ستوونی گوتیشی، "ئەم جارە کاتەکە درێژ ناکرێتەوە، چونکە ئێمە لە لایان حکومەتی عێراقەوە گوشارمان لەسەرە بۆ تەواوکردنی مامەڵەکان. دەبێت بە زووترین کات مامەڵەکان تەواو بکەین".
ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەجی ساڵی داهاتوو دەرچووە، دەتوانن لە رێگەی نووسینگهكانی حهج و عومرهی ههرێمی كوردستان له ههولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، زاخۆ، سۆران، راپەڕین و گەرمیان پسووڵە وەربگرن و پارەکە بدەنە بانک.
هەرکەسێک بچێت گوژمەی یەکەمی پارەکە بدات، دەبێت خۆی ئامادە بێت و پاسپۆرتەکەشی پێبێت.
بۆ حەجی ئەم ساڵ 16-12-2023 تیروپشک بۆ ئەو کەسانە کرا کە فۆرمی حەجیان پڕکردبووەوە، لەوانەش 65 هەزار و 195 کەس لە ساڵی 2017 و 56 هەزار و 669 کەسیش لە ساڵی 2023 کە داوایان بۆ چوونە حەج پێشکێش کردبوو. لە تیروپشکەکەدا ناوی 4174 کەس بۆ حەجی ساڵی 2024 دەرچوو.
ئەم ساڵ پشکی حەج بەراورد بە ساڵانی پێشتر زیادکرا. لە 25-09-2024 تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە داوایان کردبوو ساڵی 2025 بچنە سعودیە بۆ بەجهێنانی حەج. لە ئەنجامدا 5 هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ