رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی سلێمانی رایگەیاند، رێگری لە هەناردەکردنی بەرهەمی مریشک، هێلکە و ماسی بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خواری عێراق دەکرێت. لیژنەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵیش لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی دەکات.
ئەمڕۆ 21ی کانوونی دووەمی 2025 جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرەتا رێگری لە هەناردەکردنی بەرهەمی مریشک کرا، بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، چونکە ئەوان دەڵێن نابێت مریشک بە زیندوویی بچێتە شارەکانیان و تەنها مریشکی سەربڕدراو لە سەربڕینخانەکان وەردەگرین."
جگە لەوەش، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە 20 رۆژە رێگە نادرێت هێلکە هەناردەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بکرێت، هەموو ئەمانەش بە بیانووی جۆراوجۆرەوە کراون، لە کاتێکدا پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە مۆڵەتی فەرمی حکومەتی عێراقیان هەیە، "چەند رۆژێکیشە رێگە نادرێت بەرهەمی ماسی لە چەند پرۆژەیەکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ شارەکانی عێراق هەناردە بکرێت."
لە سلێمانی 13 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن، رۆژانە 5000 کارتۆن هێلکە بەرهەمدەهێنن، کە هەر کارتۆنێکی 360 هێلکەی تێدایە. پێویستیی رۆژانەی شاری سلێمانی بۆ هێلکە نزیکەی 2000 کارتۆنە و ئەو بەرهەمە زیادەی دەمێنێتەوە لە کۆگاکاندا هەڵگیراون و مەترسیی خراپبوون و بەسەرچوونیان هەیە.
ئەمڕۆش بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رێگرییەکان، لیژنەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق سەردانی سلێمانییان کرد، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ دەڵێت، لیژنەکە دوای لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رێگرییەکان، راپۆرتێک دەدەنە وەزیری کشتوکاڵی عێراق.
جەمال حوسێن باسی لەوەش کرد، "وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە چوار ساڵی رابردوودا، چەندین جار هەوڵیداوە کێشەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق چارەسەر بکات، ئەوەیان بۆ سەلمێندراوە بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، عێراقیش یەک وڵات و یەک بازاڕە پێویست نەدەبوو رێگری و ئاستەنگ بۆ بەرهەمی خۆماڵی دروست بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ