جووتیارانی سەرگەڕان 'چەند تێبینییەکیان' لەسەر یاسای گەڕاندنەوەی موڵک هەیە

21-01-2025
محەممەد رەشید
دیمەنێکی رێگریی جووتیارانی گوندێکی سنووری سەرگەڕان لە چوونی هێزێکی سوپای عێراق بۆ گوندەکە. وێنە: ئەرشیڤ
دیمەنێکی رێگریی جووتیارانی گوندێکی سنووری سەرگەڕان لە چوونی هێزێکی سوپای عێراق بۆ گوندەکە. وێنە: ئەرشیڤ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، پرسی پەسندکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک تاوتوێ دەکرێت، نوێنەرێکی جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت، "پەسندکردنی یاساکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەڕاندنەوەی موڵکی جووتیارانی کورد و تورکمان."
 
ئەمڕۆ 21ی کانوونی دووەمی 2025 محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لەکاتی بەشداریکردنی بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانی پێشکێشی دەکات، گوتی، "ئومێدمان هەیە ئەمڕۆ پرۆژەیاساکە تێپەڕێت و ببینەوە خاوەنی ئەو زەویانەی نزیکەی 50 ساڵە دەستیان بەسەرداگیراوە و دراوەتە جووتیارانی عەرەب بەمەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی."
 
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا 10 پرسی جیاواز تاوتوێ دەکرێن کە بریتین لە دەنگدان بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق، دەنگدان بە هەمواری یاسای باری کەسێتی، دەنگدان بە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، دەنگدان بە هەمواری یاسای لێبووردنی گشتی، دەنگدان بە پرۆژەیاسای هاوتاکردنی بڕوانامە، دەنگدان بە پرۆژە یاسای تەندروستیی دەروونی، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای سەندیکای وەرزشوانان، خوێندنەوەی دووەم پرۆژە یاسای خوێندنی باڵا لە کەرتی تایبەت و خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی پەرلەمان لەبارەی پاراستنی موڵکی دەوڵەت.
 
لەبارەی پەسندکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکەی، کە تایبەتە بە جووتیارانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت، "پرسی پەسندکردنی یاساکە قورسە، چونکە ئەگەر ئاسان بوایە تاوەکو ئێستا تێپەڕێندرابوو، بەڵام بەهۆی یەکگرتوویی فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە، کە سەرجەمیان هاوهەڵوێستن لەبارەی پەسندکردنی پرۆژە یاساکە پەسند بکرێت، ئومێدمان هەیە یاساکە ئەمڕۆ پەسند بکرێت."
 
پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان، کە پرۆژەکە لە بنەڕەتدا پڕۆژەی حکومەت بووە و لە پێنج مادە پێکهاتبوو، بەڵام لەکاتی گفتوگۆکاندا لە پەرلەمانی عێراق دەستکاری کراوە و هەندێک بڕیاری دیکەی بۆ زیادکراوە، بۆئەوەی زۆرترین زەوی لە سنووری مادەی 140 بۆ کورد و تورکمان بگەڕێنێتەوە و خانەقین و مەندەلی و مەخمووریش بگرێتەوە.
 
محەممەد ئەمین دەڵێت، "ئەوەندەی ئێمە قسەمان لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی نێو پەرلەمان کردووە، دەڵێن توانای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی رژێمی پێشوویان نییە، بەڵام هەوڵێکی زۆر دەدرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەشت بڕیاری سەردەمی رژێمی پێشوو، وەک ئەوەی حکومەتی عێراق ناردوویەتی بۆ پەرلەمان، ئەمەش وەک هەنگاوی یەکەم گرنگە، بۆ گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکەی.
 
نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان گوتیشی، "ئەوەی جێگەی تێبینییە، هەندێک خاڵ لە یاساکەدایە، کە ئەوە کێشە دروستدەکات، چونکە تێیدا هاتووە ئەو جووتیارانەی کە رژێمی پێشووی زەوی داگیرکردوون، ئەگەر بڕە پارەیەکیان وەکو قەرەبوو پێدرابێت، ئەوا یاسای گەڕاندنەوەی موڵک نایانگرێتەوە، تاوەکو ئێستا وردەکاری ئەم بابەتە ئاشکرا نەکراوە، جگە لەوە ئەوانەی لە دەستەی نەزاهە بڕیاریان بۆ دەرچووە، گەڕاندنەوەی موڵک نایانگرێتەوە، کە نازاندرێت ئەوەش چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت."
 
لەبارەی ئەو زەوییانەش کە تەرخانکراون بۆ وەزارەتەکانی بەرگری و نەوت، محەممەد ئەمین ئاماژەی بەوە کرد، "یاسای گەڕاندنەوەی موڵك نایانگرێتەوە، ئێستا ئێمە نازانین ئەمانە چۆن جێبەجێ دەکرێن، بۆ نموونە ئێمە ساڵی 1975 لەسەر زەوییەکانمان لە سەرگەڕان دەرکراوین، بەڵام لە ساڵی 1977دا بڕیار دراوە زەوییەکان بدرێتە جووتیارانی عەرەب و ئەو کاتە جووتیارانی کورد قەرەبوو نەکراونەتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە پارێزگاکانی وان، قەرس و دێرسم لە باکووری کوردستان بەفر دەبارێت.

لە سێ پارێزگای باکووری کوردستان بەفر دەبارێت

لە پارێزگاکانی وان، قەرس و دێرسم لە باکووری کوردستان بەفر دەبارێت. پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.