ژمارەیەک زەوی کشتوکاڵیی ئامەد دەکرێنە موڵکی گشتی و گەڕان بەدوای نەوت لێیان دەستپێدەکات

20-12-2023
هەوار ئیسماعیل
نیشانەکردن باکووری کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بە بڕیارێكی بەپەلەی وەزارەتی وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا، لە سنووری شەش شارۆچکەی ئامەد گەڕان بەدوای نەوتدا دەستپێدەکات و بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەک زەوی کشتوکاڵی ئاودێریی دەکرێنە موڵکی دەوڵەت. کۆمیسیۆنی ژینگە و باژێرڤانی بارۆی ئامەد ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و دەڵێت، داوای یاسایی تۆمار دەکەن.
 
وەزارەتی وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا بە دەرکردنی بڕیارێکی بەپەلە رایگەیاندووە، دەبێت خاوەندارێتی ژمارەیەک لە زەوییە کشتوکاڵییە ئاودێرییەکانی سنووری شارۆچکەکانی سوور، فارقین، بسمیل، پیران، ئەرخەنی و چنار سەر بە پارێزگای ئامەد بدرێتە دەوڵەت و ئەو زەوییانە بە مەبەستی گەڕان بەدوای نەوتدا دەکرێن بە موڵکی گشتی.
 
لە سەر بنچینەی بڕیارەکە، لە نۆ شوێنی سنووری ئەو شەش شارۆچکەیە، دەست بە گەڕان بە دوای نەوتدا دەکرێت کە بریتین لە ناوچەی "سەبیان- 4" لە گوندی قەرەناز سەر بە شارۆچکەی سوور، ناوچەی "دورو- 7" لە سنووری گوندی هاجیجان، ناوچەی "دورو- 6" لە سنووری گوندی هەلینە و ناوچەی "کوتڵوئاڵان- 6" لە سنووری گوندی قاسمییەی خواروو سەر بە شارۆچکەی فارقین، ناوچەی "نەوتی خاو" لە سنووری گوندی مرکولیان سەر بە شارۆچکەی بسمیل، ناوچەی "شوکورلو- 2" و ناوچەی "شوکورلو- 3" لە سنووری گوندی شوکورلی سەر بە شارۆچکەی چنار، ناوچەی "هانچەرلی- 9" لە سنووری گوندی خەنچەرلی سەر بە شارۆچکەی ئەرخەنی و ناوچەی "ئەغیل- 1" لە سنووری گوندی قەلبین سەر بە شارۆچکەی پیران، گەڕان بەدوای نەوتدا دەکرێت.
 
ئەحمەد ئینان، سکرتێری گشتی کۆمیسیۆنی ژینگە و باژێرڤانی بارۆی ئامەد "سەندیکای پارێزەرانی ئامەد" رایگەیاند، داوای یاسایی لەسەر ئەو هەنگاوە تۆمار دەکەن.
 
ئینان گوتی، "لە سنووری گوندی شوکورلو سەر بە شارۆچکەی چنار بۆ لێدانی بیری نەوت، پارچە زەوییەکی کشتوکاڵی کە رووبەرەکەی 15 هێکتارە دەستی بەسەردا گیراوە کە سەرچاوەی بژێوی خەڵکی ناوچەکەیە. خەڵکی گوندەکە لە خەو هەڵدەستن و دەبینن زەوییەکەیان زەوتکراوە و پارەکەی لە بانکدا دانراوە. زەوییەکە چیدیکە هی ئەوان نییە. ئەو ناوچەیەی کە لە گوندەکەدا دەستی بەسەردا گیراوە کراوە، زەوییە کشتوکاڵییە ئاودێرییەکانی پلە یەکن."
 
سکرتێری گشتیی کۆمیسیۆنی ژینگە و باژێرڤانی بارۆی ئامەد دەڵێت، لە سنووری شارۆچكەی پیران ئەو شوێنەی بۆ لێدانی بیر دەستنیشانکراون لە تەنیشت شوێنەکانی کۆگەکردنی ئاون.
 
چەند مانگێکە هەڵمەتێکی گەورەی گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت لە پارێزگاکانی ئامەد، شرناخ، سێرت، جۆلەمێرگ، دیلۆک و چەند ناوچەیەکی دیکەی باکووری کوردستان دەستیپێکردووە.
 
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن؛ هەروەها لە پارێزگاکانی سێرت و رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوت هەن. ئەو نەوتەی بەرهەم دێت بەشێکی زۆر کەم لە پێداویستییەکانی ناوخۆی تورکیا دابین دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".