رووداو دیجیتاڵ
دادوەرێکى کورد وەک ئەندامى یەدەگى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سوێندى یاسایی خوارد، بۆ پڕکردنەوەى پشکى کورد لەو دادگەیە، پێشبینی دەکرێت پلەکەی بۆ دادوەرى بنەڕەتی بەرز بکرێتەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق، دادوەر جاسم جەزا لە بەردەم لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق سوێندى یاسایی خواردووە بۆ ئەوەى وەک ئەندامى یەدەگى داگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق دەستبەکار بێت.
دادوەر جاسم جەزا، ئەندامى دادگەى تێهەڵچوونەوەى هەرێمى کوردستانە و پێشتر سەرۆکى دادگەى تێهەڵچوونەوەى سلێمانى بووە.
سوێندخواردنى ئەو دادوەرە کوردە لە دواى ئەوە بوو مەرسومى کۆمارى بۆ دەستبەکاربوونی لەو پۆستە بۆ دەرکرا.
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە 18ى ئادارى 2024 نووسراوێکى ئاڕاستەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی هەرێمى کوردستان کردبوو، داوای لێکردبوون دادوەرێک بەربژێر بکەن وەک دادوەرى بنەڕەتی و دادوەرێکى دیکەش وەک دادوەرى یەدەگ بەربژێر بکەن بۆ دادگەى فیدراڵىی عێراق.
ئەو داوایە پاش شەش رۆژ بوو لە کێشانەوەى دادوەر عەبدولڕەحمان زێبارى لە ئەندامێتى دادگەی فیدڕاڵى کە یەکێک بوو لە دوو ئەندامە کوردە بنەڕەتییەکەى دادگەکە.
ئازاد دۆسکى، کە پارێزەری راوێژکارە بە رووداوی گوت، پێشبینی دەکات پلەی دادوەرە نوێیەکە بۆ دادوەرى بنەڕەتیی دادگەی فیدراڵی بەرز بکرێتەوە.
ژمارەی ئەندامانى دادگەى فیدراڵى 12 دادوەرە، نۆیان بنەڕەتی و سێیەکەى دیکە یەدەگن، دواى کشانەوەى دادوەرە کوردەکە، یەکێک لە دادوەرە سوننەکان لە دانیشتنەکاندا جێگەى دەگرتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ