رووداو دیجیتاڵ
گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا لە دەرەوەی ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە و کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "سێ سندووقی دەنگدانمان لە هەولێر داناوە و تا سبەی شەو کاژێر 22:00 دەنگدان بەردەوام دەبێت".
رۆژی شەممە، 20-05-2023، مەولوود یاقووت، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا لە باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی تورکیا دەستیپێکرد. لە هەولێریش سێ سندووقی دەنگدانمان داناوە و هەڵبژاردنەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە تاوەکو کاژێر 22:00ـی شەو بەردەوام دەبێت".
مەولوود یاقوت دەڵێت، لە هەڵبژاردنی 14-05-2023 لە هەولێر "ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانمان بەشدارییان کرد کە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو ژمارەی دەنگدەران دوو هێندە زیادی کردبوو؛ رێکارەکانی دەنگدانیشمان بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە ئاسان کردووە و دەنگدەر تەنیا دەتوانێت وڵاتینامەی تورکی لەگەڵ خۆی بهێنێت".
بە گوتەی کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، دەنگدان لە بنکەکانی هەرێمی کوردستان سبەی کاژێر 22:00ـی شەو کۆتاییدێت، بەڵام لە دەروازە سنوورییەکان دەنگدان تاوەکو 28-05-2023 بەردەوام دەبێت.
لە گەڕی یەکەمی دەنگدانی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیادا کە رۆژی 14ـی ئایار بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا کە لە هەمانکاتدا بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوورە 49.5٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا؛ کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت 44.9٪ـی دەنگەکانی بردەوە، هاوکات سینان ئۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا %5.29 و موحەرەم ئینجە، بەربژێری پارتی مەملەکەت کە سێ رۆژ بەر لە دەنگدان کشایەوە، 0.43٪ـی دەنگیان بەدەستهێناوە.
هیچ کام لە بەربژێرەکانی سەرۆککۆمار 50 کۆ یەکی دەنگەکانیان بەدەست نەهێنا، بەوهۆیەوە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کەوتە گەڕی دووەم کە بڕیارە 28-05-2023 بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ