رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی عێراق سەردانی کەمپی مەخمووریان کرد و چوار پێشنیازیان داوەتە بەرپرسانی کامپەکە و سێ کاژێری مۆڵەتیان داوە بۆ ئەوەی وەڵامیان بدەنەوە. لەبەردەم کامپەکەش خۆپێشاندان رێکخرا.
رەشاد گەڵاڵی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 20ـی رێکخستنی قەرەچووخی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی شەممە 20-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەمپی مەخموور لەلایەن سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە گەمارۆ نەدراوە و گوتیشی، ئەمڕۆ شەممە شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، سوپای عێراق و پۆلیسی مەخموور سەردانی کەمپەکەیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو کەمپە کۆبوونەوە.
رەشاد گەڵاڵی گوتی، شاندەکە چوار داواکارییان بۆ بەرپرسانی کەمپەکە پێشنیاز کردووە. یەکەم، کەمپەکە سیم بکرێت و حکومەتی عێراق لە رێگەی سوپا و پۆلیسەوە پاسەوانی بکات؛ دووەم: کۆنکرێت لە سەر رێگە و بەردەم کەمپەکە دابنرێت؛ سێیەم: پۆلیسی خۆجێیی بگەڕێتەوە نێو کەمپەکە؛ چوارەم: یەک رێگە بۆ هاتووچۆی دانیشتووانی کەمپەکە هەبێت.
جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 20ـی رێکخستنی قەرەچووخی یەکێتی گوتی، کۆبوونەوەکە تەواو بووە و سێ کاژێر دراوەتەوە بەرپرسانی کەمپەکە بۆ وەڵامدانەوەیان و ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتووانی نێو کەمپەکە بەم داواکارییانە رازی نین، بۆیە خۆپێشاندانیان دەستپێکردووە.
کەمپی مەخموور تایبەتە بە هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان و لە ساڵی 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور دروستکراوە.
بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی مەخموور، نزیکەی 10 هەزار کەس لە کەمپەکەدا نیشتەجێن. تورکیا دەڵێت ئەو کەمپە بووەتە شوێنی پێگەیاندنی ئەندامانی پەکەکە و تاوەکو ئێستا چەند جارێک بۆردوومانی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ